بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ئەندامی جەستەی مرۆڤەوە کەسێک دەستگیرکرا
خەڵکی بۆ هەولێر و سلێمانی ناردووە
K24 - هەولێر:
بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی پارێزگای میسان رایگەیاند، کەسێک بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ باندێکی بازرگانی کردن بە ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤەوە دەستگیر کراوە.
لە ڕاگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی پارێزگای میسان هاتووە، "زانیاریی هەواڵگریی وردیان سەبارەت بە بوونی باندێک بازرگانیان بە ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤەوە دەستکەوتووە، کە ئەندامەکانی باندەکە لە هەر سێ پارێزگای بەغدا، میسان و هەولێر کاریان کردووە".
باندەکە کاریان لەسەر کڕینی ئەندامی جەستەی ئەو کەسانە کردووە کە داهاتێکی کەم و سنوورداریان هەیە.
ئەندامێکی ئەو باندە کە لە پارێزگای میسان کاری لەسەر پشکنین و کڕینی ئەندامی جەستە کردووە، لە بۆسەیەکدا لە ناوچەی رومانە دەستگیرکراوە.
پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی پارێزگای میسان ئاماژەی بەوەشدا، "تۆمەتبارەکە لەکاتی لێکۆڵینەوەدا دانی بەوەدا ناوە کە لەگەڵ باندێکدا دەستی تێکەڵ کردووە، بۆئەوەی لە میسانەوە خەڵکیان بۆ بدۆزێتەوە و بیاننێریت بۆ هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی و لەوێ بەرامبەر بە بڕە پارەیەک گورچیلەی خیان بفرۆشن".
گومانلێکراوکەە، بە گوێرەی مادەی 6 لە یاسای رووبەڕووبوونەوەى بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە دەستگیرکراوە.