ئەو سزادراوەی لە چاکسازی گەورانی سلێمانی خۆی خنکاند بە خاکسپێردرا
کەسوکارەکەی دەڵێن هیچ برینێک بە ملییەوە نەبووە
K24 - سلێمانی:
دوای ئەوەی رۆژی ههینی، هەرێم محەمەد لە چاکسازی گەورانی سلێمانی خۆی خنکاند، ئەمڕۆ تەرمەکەی لە گۆڕستانی سەیداوە لە رانیە بە خاکسپێردرا.
یادگار ئیسماعیل بەرپرسی ڕاگەیاندی چاکسازی گەورانی سلێمانی بە کوردستان 24ـی راگەیاند، هەرێم محەمەد لە زیندانی تاکەکەسی لە حەمامەکەیدا بە قەراخی بەتانی و فانیلەکەی خۆی خنکاندووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو زیندانییە شەوی رابردوو پێش ئەوەی خۆی بخنکێنێت لەگەڵ زیندانییەکانی دیکەدا شەڕی بووە و بە چەقۆ لە زیندانییەکانی داوە بۆیە خراوەتە زیندانی تاکەکەسییەوە.
کەسوکارەکەی گومانیان هەیە کوڕەکەیان خۆی خنکاندبێت و دەڵێن شوێنەواری ئەشکەنجەدان بە جەستەیەوە هەبووە و هیچ برینێک بە ملییەوە نەبووە، دەشڵێن، چەند رۆژێک پێشتر قسەیان لەگەڵدا کردووە و هیچ کێشەیەکی نەبووە.
بەڵام چاکسازی گەورانی سلێمانی ئەوە رەتدەکاتەوە و دەڵێت: "ئەو سزادراوە پێش ئەوەی خۆی بخنکێنێت لەگەڵ زیندانیانی دیکە شەڕی کردووە بۆیە ئاساییە کە شوێنەواری لێدانی پێوەبێت".
هەرێم محەمەد خەڵکی دەڤەری راپەڕین بوو، بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراق بۆ ماوەی 20 ساڵ سزای زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا بوو، دوو ساڵی مابوو ماوەی زیندانییەکەی تەواو بکات.
بە گوتەی بەرپرسی راگەیاندنی چاکسازی گەورانی سلێمانی، ئەو سزادراوەی کە خۆی خنکاندووە بە تاوانی کوشتنی کەسێکی نزیکی خۆی زیندانی هەمیشەیی بەسەردا سەپێنرابوو.
به گوێرهی ئامارهكانیش، نزیکەی هەزار و 200 سزادراو لە چاکسازی گەورانی سلێمانیدا زیندانیی کراون.