کەشناسی: ئاستی بارانبارین زیاتر دەبێت
پێشبینییەكانی كەشناسی بۆ كەشوھەوای ھەرێمی كوردستان
K24 – ھەولێر
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، کاریگەرى ئەو شەپۆلەى رووى لە ناوچەکە کردووە بەردەوامى دەبێت، بارانبارین ئەمڕۆ لە ناوچەى جیاجیا دەبێت، سبەى پێنجشەممە بارانبارین زیاتر دەبێت و بەفریش لە ناوچە شاخاوییە سنوورییە بەرزەکان دەبارێت، کاریگەرى ئەو شەپۆلە بەردەوامى دەبێت تا رۆژى دووشەممە و رۆژى شەممە بارستە هەوایەکى ساردى سێبیرى روو لە ناوچەکە دەکات، پلەکانى گەرما زیاتر روو لە نزم بوونەوە دەکات.
بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی كوردستان، پێشبینیەكانی بۆ كەشوھەوای 48 كاتژمێری داھاتوو بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان هەور دەبێت لەگەڵ بارانبارین لە هەندێک کاتدا، لە ناوچە شاخاوییەکان بارانی مامناوەندی دەبێت، لەگەڵ بەفربارین لە ناوچە سنوورییە شاخاوییەکان.
لەبارەی كەشوھەوای سبەی كەشناسی پێشبینی دەكات، رۆژی پێنجشەممە ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارانبارین لە هەموو ناوچەکان ئاستی دابارین مامناوەندی دەبێت، لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان و لوتکەی شاخە بەرزەکان بەفر دەبارێت.