ته‌ندروستی جیهان: تووشبوون له‌ رۆژهه‌ڵاتی ده‌ریای ناوه‌ڕاست به‌ كۆرۆنا به‌ڕێژه‌ی 89% به‌رزبووه‌ته‌وه‌

ته‌ندروستی جیهان: ته‌نها له‌ یه‌كه‌م هه‌فته‌ی ئه‌مساڵ زیاتر له‌ 206 هه‌زار حاڵه‌تی تووشبوون و هه‌زار و 53 حاڵه‌تی مردن تۆماركراون

رێكخراوی ته‌ندروستی جیهان "WHO"
رێكخراوی ته‌ندروستی جیهان "WHO"

K24- هه‌ولێر:

أحمه‌د موندری، به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌رێمیی رێكخراوی ته‌ندروستیی جیهان له‌ وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ده‌ریای ناوه‌ڕاست دووپاتیكرده‌وه‌، ژماره‌ی تووشبوونی رۆژنه‌ی دانیشتووانی وڵاتانی ناوچه‌كه به‌ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رزبووه‌ته‌وه‌‌ و ته‌نها له‌ ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌دا ئه‌و رێژه‌یه‌ بۆ 89% به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌.

هه‌روه‌ها گوتی: "له‌ 8ی ئه‌م مانگه‌وه‌، ژماره‌ی حاڵه‌ته‌ پشتڕاستكراوه‌كانی تووشبوون له‌ وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ده‌ریای ناوه‌ڕاست گه‌یشتووه‌ته‌وه‌ 17 ملیۆن و 500 هه‌زار كه‌س، زیاتر له‌ 317 هه‌زار حاڵه‌تی مردنیش به‌ په‌تاكه‌ تۆماركراون، له‌كاتێكدا ژماره‌ی كۆی ئه‌وانه‌ی ته‌نها له‌ هه‌فته‌ی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا تووشی كۆرۆنا بوونه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ 206 هه‌زار و 980 حاڵه‌ت، هه‌وره‌ها هه‌زار و 53 كه‌سیش له‌ ماوه‌ی ئه‌و هه‌فته‌یه‌دا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌".

گوتیشی: "ئه‌مه‌ ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی تووشبوون بۆ ئاستی 89%، وێڕای دابه‌زینی تێكڕای مردن به‌ڕێژه‌ی 13%".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "هۆكاری ئه‌و به‌رزبوونه‌وه‌یه‌ كه‌ جێگه‌ی نیگه‌رانییه‌، بڵاوبوونه‌وه‌ی گۆڕاوی ئۆمیكرۆنی كوشنده‌یه‌".

أحمه‌د موندری جه‌ختی كرده‌وه‌، "له‌كۆی 22 وڵاتی ناوچه‌كه‌، گۆڕاوی ئۆمیكرۆن له‌ 15 وڵات بڵاوبووه‌ته‌وه‌ و پێشبینی ده‌كه‌ین له‌كاتێكی نزیكدا ئه‌و گۆڕاوه‌ی كۆرۆنا له‌ وڵاتانی دیكه‌ش بڵاوببێته‌وه‌ و پێویسته‌ زۆر به‌ جددی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆخه‌دا بكه‌ین‌".

به‌گوته‌ی نوێنه‌ری ئه‌و رێكخراوه‌، له‌ هه‌ریه‌ك له‌ وڵاتانی ئه‌فغانستان، جیبووتی، سۆماڵ، سوودان، سووریا و یه‌مه‌ن رێژه‌ی كوتان به‌ ڤاكسینی دژ به‌ كۆرۆنا له‌ 10% كه‌متره‌.

باسی ئه‌وه‌شیكرد، "ئه‌م وڵاتانه‌ به‌شی ئه‌وه‌نده‌ ڤاكسینیان پێگه‌یشتووه‌، كه‌ رێژه‌ی پارێزی له‌ناو دانیشتوانه‌كانیان بگه‌یه‌ننه‌ 40%، به‌ڵام دۆخی ئه‌و وڵاتانه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ هه‌ندێك كێشه‌ی دیكه‌ی وه‌ك نه‌بوونی ئاسایش و سه‌قامگیریی سیاسی، وێڕای لاوازی له‌ سیسته‌می ته‌ندروستی و كێشه‌ی لۆجستییه‌كان".

H.B