وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق: بە رێژەی 97% دۆخی تای خوێنبەربوون کۆنترۆڵ کراوە
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایدەگەیەنێت، دۆخی پەتای تای خوێنبەربوون بە رێژەی 95% بۆ 97% کۆنترۆڵ کراوە و هیچ زیادبوونێک لە ژمارەی تووشبوواندا تۆمار نەکراوە.
قوسەی حەتتاب، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ئاشکرای کرد، کارەکانی فەرمانگەی ڤێتێرنەری بەردەوامن و دۆخی تەندروستیی ئاژەڵان زۆر باشە، بە جۆرێک دۆخی تای خوێنبەربوون بە رێژەیەکی بەرچاو کۆنترۆڵ کراوە و هیچ هەڵکشانێک لە ئاماری تووشبووندا نییە.
حەتتاب ئاماژەی بەوەش دا، دەرمانی دژەگەنە (دێلتامەسرین) بە شێوەی بێبەرامبەر بەردەستە و تیمەکانی ڤێتێرنەری لە بەغدا و نەخۆشخانە ڤێتێرنەرییەکانی پارێزگاکان سەردانی ماڵی ئاژەڵداران دەکەن بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و رێنمایی پزیشکی. هاوکات گەشتە مەیدانییەکانی وەرزی بەهار و پاییز لەگەڵ هەڵمەتەکانی شۆردن و رشاندنی مەڕ، بزن، گامێش و مانگا لە چوارچێوەی رێکارە خۆپارێزییەکاندا بەردەوامن.
بەرپرسیارێتیی کوشتارگەکان و سەرچاوەی زانیاری
سەبارەت بە دۆسیەی کوشتارگەکان، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ روونیکردەوە، بەرپرسیارێتیی بەڕێوەبردن و چاودێریکردنی کوشتارگەکان دەکەوێتە ئەستۆی فەرمانگەکانی شارەوانی و ئەمانەی بەغدا و هیچ پەیوەندییەکیان بە وەزارەتی کشتوکاڵەوە نییە.
لە کۆتاییشدا قوسەی حەتتاب داوای لە هاووڵاتییان و دەزگاکانی راگەیاندن کرد، زانیارییەکان تەنیا لە سەرچاوە فەرمی و دروستەکانەوە، بەتایبەت وەزارەتی کشتوکاڵ وەربگرن بۆ ئەوەی دڵنیا بن لە وردی و راستیی زانیارییەکان.
تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی گوازراوەی مەترسیدارە کە لە رێگەی پێوەدانی گەنەوە یان بەرکەوتنی راستەوخۆ بە خوێن و شانەی ئاژەڵی تووشبوو (وەک مەڕ، بزن و مانگا) بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە. نیشانە سەرەتاییەکانی بریتین لە تایەکی بەرز، ئازاری ماسولکە و جومگەکان، سەرئێشە و رشانەوە، لە قۆناغە پێشکەوتووەکانیشدا دەبێتە هۆی خوێنبەربوونی ناوەکی و دەرەکی کە ئەگەر بە زوویی چارەسەر نەکرێت، مەترسی لەسەر ژیانی نەخۆشەکە دروست دەکات.