کەشناسی هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە

پێویستە هاووڵاتییان خۆیان بپارێزن

دیمەنی بەفربارین - ئەرشیف
دیمەنی بەفربارین - ئەرشیف

K24 – هەولێر

کەشناسی هەرێمی کوردستان هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە، شەپۆلێکی بەفربارین و شەختە و بارستە هەوایەکی ساردی جەمسەریی روو لە هەرێمی کوردستان دەکات، پلەی گەرما لە زۆر شوێن بۆ ژێر پلەی سفر دادەبەزێت. چەند رێنماییەکیش بۆ خۆپاراستن دەخاتەڕوو.

ئەژی چەتۆ، بەرپرسی بەشی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كەشناسیی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە: "پێشبینی دەكرێت لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا، هەرێمی كوردستان بكەوێتە ژێر كاریگەریی درێژەی بارستە هەوایەكی ساردی جەمسەریی كە دەبێتە هۆی دابەزینی تەواوی پلەكانی گەرما و كەوتنی بەفر و شەختە بە شێوەیەكی بەرچاو، بە تایبەتیش لە ناوچە شاخاوییەكان".

راشیگەیاندووە: " لە پێناو پاراستنی گیان و ماڵ، پێویستە بەپێی توانا ئەم هەنگاوە خۆپارێزیانەی خوارەوە بنرێن:.

-پۆشینی جل و بەرگ و گۆرەوی و كڵاو و دەستەوانەی ئەستوور و لەپێكردنی پێڵاوی شیاو كە لەگەڵ كەش و هەوای داهاتوودا بگونجێ، بە تایبەتیش بۆ منداڵان و بەساڵاداچووەكان.

-پێویستە لەسەر سەرجەم شوفێران، بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوییەكان، تا بكرێت بۆ كاری زۆر پێویست نەبێ دەرنەچن و  ئۆتۆمبێلەكانیان لێنەخوڕن و ئەگەر ناچاریش بێت، ئەوا زنجیر لە تایەكاندا ببەسترێت، بە تایبەتی لەكاتی كەوتنی شەختەدا تا لە خزین و خلیسكان خۆت و ئۆتۆمبیلەكەت بپارێزی.

-تا زووە، پشكنینی بوونی ئاستێكی گونجاوی مادەی (ئەنتی فریز – دژە بەستان) لەنێو (رادێتەر) ی ئۆتۆمبێلەكان بكرێت.

-پێش دەرچوونیان لە ماڵەوە بۆ قوتابخانە، جگەر گۆشەكان ئامۆژگاری بكرێن كە لە كاتی كەوتنی شەختە بە هیچ شێوەیەك بەسەر ئەو بارستانەدا نەڕۆن و خۆیان لێ بە درووبگرن و لە رۆیشتنیش هەنگاوی خێرا نەهاوێژن و رانەكەن لە پێناو سەلامەتیان و دووركەوتنەوەیان لەهەر رووداوێكی نەخوازراوی خزین و خلیكسان و بەربوونەوە بەهۆی شەختەوە.

-تا بكرێت شلەمەنیی گەرم بخورێتەوە، چونكە پارێزگاریی لە گەرمیی لەش دەكات و بڕی پێویستی یەكەی كایلۆریشی پێدەبەخشێ بۆ پاراستنی لەش لە دابەزینی پلەكانی گەرمای.

-بەهیچ شێوەیەك نابێ هاووڵاتییان بیر لە ئەنجامدانی گەشت لەكاتی بارینی بەفر بكەنەوە، بەتایبەتیش بۆ ناوچە شاخاوی و تەنانەت زوورگییەكانیش، چونكە گۆڕانی دڕاماتیكی و خێراو هەرگیز چاوەڕوان نەكراو لەو ناوچانەدا روودەدەن و هیچ دەرفەتێك بە رزگاربوون نادات و تەنانەت تیمەكانی فریاكەوتنیش بە سانایی ناگەنە ئەو ناوچەو شوێنە سەخت و دژوارانە. ئەگەرنا، ژیانی خۆت و خانەوەداو هاوڕێكانت دەخەیتە نێو بازنەیەكی یەگجار زۆر مەترسیدارەوەو ئەوكاتەش پەشیمانی هیچ سوودێكی نییە.

-برایانی جووتیار و بەخێوكارانی ئاژەڵەكان بە تایبەتی، ئامادەكاریی پێشوەختەیی خۆیان وەربگرن بۆ ئەوەی تا پێیان بكرێ بەرووبووم و ئاژەڵەكانیان لە نزمبوونەوەی زۆری پلەكانی گەرما بپارێزن.

-خاوەن نەمامگە و خولیایانی بەخێوكردنی ئاژەڵ و باڵندەكان پێویستە تا بكرێت دارو درەختە ناسكەكان و قەفەسی گیاندارەكانیان بە شێوەیەكی تەندروست دابپۆشن یان ئەگەر دەكرێت دووریان بخەنەوە لەو شوێنانەی كە كراوەن یان زۆر زوو سارد دەبنەوە تا لە هەڕەشەی بەستانیان بپارێزن.

-بۆ ئەو ماڵانەی كە دەكەونە نێو ناوچە شاخاوییەكان كە بێگومان پلەی گەرمیی زۆر تیایدا نزمتر دەبێتەوە، پێویستە بڕێك ئاوی پاكی خواردنەوە لە ژوورەوە دابنێن كە لایەنی كەم بۆماوەی 2 تا 3 رۆژی خواردنەوەو پێداویستی سەرەكی ئەندامانی خێزان دابین بكات تا شەپۆلەكە كۆتایی پێدێت و ئەگەر بكرێت تانكییەكانی ئاو و بۆڕییە دیارەكانی تۆڕی ئاو بەهەر چ شێوەیەك بێت دایبپۆشن تا لە هەڕەشەی بەستان و درز تێكەوتن و تەقینیان بپارێزرێن.

-تیمەكانی تایبەت بە راماڵینی بەفر لە ئامادەباشیدابن.

-تیمەكانی شاخەوانی بەهیچ جۆرێ بیر لە ئەنجامدانی گەشتی تایبەتی خۆیان نەكەنەوە ئەگەر بۆ مەودایەكی نزمیش بێت لەكاتی چالاكبوونی بەفربارین.