ته‌قینه‌وه‌ گه‌وره‌كه‌ی تۆنگا چی بوو؟

حکومەتەکانی نیگه‌ران كردووه‌ و خه‌ڵكیش لێی بێئاگایه‌

تەقینەوەی بورکانێك لە زەریای ئارام
تەقینەوەی بورکانێك لە زەریای ئارام

K24 - هەولێر:

ئێوارەی 15ـی کانوونی دووەم/یەنایری 2022، تەقینەوەی بورکانێك لە زەریای ئارام بووە هۆی دروستبوونی سونامی بۆسەر وڵاتی تۆنگا.

بورکانی "Hunga-Tonga-Hunga-Ha'apai" لە دووری 30 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژهەڵاتی دورگەی "فونوافۆ" لە وڵاتی تۆنگا رۆژی هەینی 14ـی کانوونی دووەم/یەنایری 2022 تەقیەوە و بۆ جاری دووەم لە ئێوارەی 15ـی کانوونی دووەم/یەنایری 2022 دووبارە تەقینەوەیەکی تر تێیدا روویدا و بە درێژایی 20 کیلۆمەتر خۆڵەمێش و غاز و هەڵمی بە هەوادا بڵاوکردەوە.

وێنەی مانگە دەستکردەکان هەور و شەپۆلی خۆڵەمێشی گەورە پیشاندەدەن کە بە ئاسمانی "Nuku'alofa" پایتەختی ئەو وڵاتەدا بڵاوبوونەتەوە و دواتر کەوتوونەتە سەر زەوی.

تەقینەوەکە بووەهۆی دروستبوونی سونامیەك لە تۆنگا، کە کاریگەری گەورەی لەسەر وڵاتەکە هەبوو.

بەهۆی سونامییەکەوە هێڵەکانی ئینتەرنێت بڕان، هەربۆیە وێبسایتیەکانی حکومەتی ئەو وڵاتە کارناکەن و هێشتا نازانرێت چەند کەس بوونە قوربانی، جگە لەمانە زیانێکی زۆر بەر کەنار دەریاکان و فرۆشگا و باڵەخانەکان کەوتووە.

ئیستا نیوزیلاند چووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و پسپۆڕانی سونامی دەڵێن ترسی ئەوەی دروستبوونی سونامیەکی دیکە هەیە.

جاسیندا ئاردیرن، سەرۆك وەزیرانی نیوزیلاند لەلای خۆیەوە گوتی: "بەشێکی زۆری سەرچاوە ئاوییەکانی تۆنگا بەهۆی سونامییەکەوە زیانیان پێگەیشتووە، بۆیە خەڵکێکی زۆر پێویستیان بە ئاوی خاوێنە".

لەلایەکی دیکەوە، بە گوێرەی ئۆفیسی نەتەوەیی کەش و هەوا لە ساندیێگۆ، شەپۆلێکی تەقینەوەی دووەمی بورکانەکە کە بەرزیەکەی نزیکەیی مەترێك بووە، گەیشتووەتە کەناری رۆژئاوای ئەمەریکا.

شانشینی تۆنگا لەسەر کەناری زەریای ئارامە و لە زیاتر لە 170 دوورگە پێکدێت، لەو ژمارەیە تەنها 36 دوورگەیان خەڵکی تێدا دەژی،  بە گوێرەی سەرژمێرییەکی ساڵی 2020 ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکە 105 هەزار کەسە.

سەرچاوە: CNN

H.H