"مەلا کرێکار لە بەندیخانە سەرقاڵی سەرپەرشتیکردنی گرووپێکی توندڕەو بووە"

بە نیازبوونە ھێرشی تیرۆریستی لە باشووری کوردستان ئەنجام بدەن

K24 - ھەولێر

دادگایەکی نەرویج بە فەرمی مەلا کرێکاری تۆمەتبار کرد بەوەی سەرپەرشتی گرووپێکی توندڕەوی لە ئەوروپا کردووە، بەمەبەستی ئەنجامدانی ھێرشی تیرۆریستی لە ھەرێمی کوردستان.

میدیاکانی نەرویج، بڵاویانکردەوە کەوا نەجمەدین فەرەج، ناسراو بە مەلا کرێکار لەکاتی مانەوەی لە بەندیخانەیەکی شاری ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج، سەرقاڵی سەرپەرشتیکردنی گرووپێکی توندڕەو بووە لە سەرانسەری ئەوروپا، بەڵام بنکەی سەرەکی ئەو گرووپە لە ئیتالیا بووە، تاوەکوو ھێرشی تیرۆریستی لە باشووری کوردستان ئەنجام بدەن.

بڕیارە 15ی ئەم مانگە دادگا نەرویجییەکە بڕیار لەسەر رەوانەکردنی مەلا کرێکار بدات بۆ ئیتالیا، تاوەکوو ئەویش ھاوشێوەی چەند ئەندامێکی ئەو گرووپە لە ئیتالیا دادگایی بکرێت.

بەگوێرەی زانیارییەکان، زۆربەی ئەندامانی ئەو گرووپە کوردی باشووری کوردستانن، کە لە ھەندەران ژیاون و لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پەیوەندییان بەیەکەوە کردووە وسەرقاڵی پیلانەکانی خۆیان بوونە.