ماستەرپلانی شاری كۆیە هەموار دەكرێتەوە

پڕۆژەی شەقامی دووسایدی حاجی حاجی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە

شاری کۆیە
شاری کۆیە

K24 - هەولێر:

ماستەرپلانی شاری هەمواور دەکرێتەوە و پڕۆژەی شەقامی دووسایدی حاجی حاجی و چەند پرۆژەیەكی دیكەش جێبەجێ دەكرێن.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند، ماستەرپلانی شاری كۆیە هەموار دەكرێتەوە و پڕۆژەی شەقامی حاجی حاجی جێبەجێ دەکرێت کە شەقامی ناو بازاڕی كۆیە لە فولكەی حاجی قادرەوە تا نزیك یانەی كۆیە بە جووتساید دەکات و چەند پرۆژەیەكی دیكەش دەخرێنە بەرنامەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 26ی كانوونی دووەم/یەنایری 2022، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە دیوانی وەزارەت بە ئامادەبوونی ژمارەیەك بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەت، پێشوازی لە تاریق حەیدەری قائیمقامی قەزای كۆیە و سەرۆكی شارەوانیی كۆیە كرد و لەسەر هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی شاری کۆیە و پەرەپێدان و جێبەجێكردنی چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاریی شاری كۆیە گفتوگۆیان كرد.

هەروەها گفتوگۆ لەسەر گۆڕانکاری لە شەقامێکی  بازنەیی 30 مەتری بۆ 60 مەتری بە دەوری شاردا و جێکردنەوەی لە ماستەرپلاندا کرا و سەبارەت بە جووتسایدكردنی ناو بازاڕی كۆیە و جێبەجێكردنی پرۆژەی حاجی حاجی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێی راگەیاندن کە ڕەزامەندی لەسەر دانانی ئەو پڕۆژەیە لە پلانی ٢٠٢٢ دراوە و هەوڵ دەدرێت کە قۆناغی یەکەمی لەمساڵدا جێبەجێ بکرێت.  

هاوكات گفتوگۆ دەربارەی دروستكردنی شارێكی پیشەسازی و جێکردنەوەی لەناو ماستەرپلان بە ڕەچاوكردنی سەرجەم رەگەزە ئەندازیارییەکان کرا.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە دیوانی وەزارەت لەگەڵ تاریق حەیدەری قائیمقامی قەزای كۆیە و سەرۆكی شارەوانیی كۆیە
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە دیوانی وەزارەت لەگەڵ تاریق حەیدەری قائیمقامی قەزای كۆیە و سەرۆكی شارەوانیی كۆیە