وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران: هەڵگرتنی به‌شێك له سزاكان نیازپاکی واشنتنه
"ئێمە لە بواری سیاسی، یاسایی و ئابووریدا بە دوای گەرەنتیدا دەگەڕێین"

K24 – هه‌ولێر:
واشنتن ئاشكرای ده‌كات، به‌شێك له سزاكانی سەر بەرنامە ناوکییەكانی ئێران هەڵدەگرن، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش رایگه‌یاند، هەنگاوەکانی ئەمەریکا بۆ هەڵگرتنی سزاکان باشن.
حوسێن ئه‌میر عه‌بدوڵڵاهیان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران رایگه‌یاند، هەڵگرتنی به‌شێك له سزاكان، نیازپاکی واشنتنه.
هه‌ینی رابردوو، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بڵاویكرده‌وه، لە هەنگاوێکی تەکنیکی پێویست بۆ گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ناووکی ساڵی 2015، سزاکانی سەر بەرنامە ناوکییەکەی ئێران لادەبات.
لابردنی ئەم سزایانە رێگە خۆش دەکات بۆ وڵاتان و کۆمپانیاکان تا بەشدار بن لە بەرنامەی ناووکییهكهی ئێران، بێ ئەوەی سزای ئەمەریکا بیانگرێتەوە، كه بریتییە لە زیادکردنی عەمبارکردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو.
ئەم هەنگاوەش لە کاتێکدایە گفتوگۆكان بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015، کە دۆناڵد تره‌مپی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە ساڵی 2018 لێی کشایەوە، گەیشتووەتە قۆناغێکی پێشکەوتوو.
وەزیری ده‌رەوەی ئێران جه‌ختی له‌وه كرده‌وه، ئێمە لە بواری سیاسی، یاسایی و ئابووریدا بە دوای گەرەنتیدا دەگەڕێین، ده‌شڵێت: لە هەندێک بابەتدا رێککەوتن کراوە.
گفتوگۆكان له ڤیەننا لە نێوان ئەمەریکا، ئێران، بەریتانیا، چین، فەرەنسا، ئەڵمانیا و رووسیا بەڕێوەدەچێت، لە هەفتەی رابردوو رایانگەیاند گفتوگۆكان گەیشتوونەتە قۆناغێک کە لایەنەکان دەبێت بڕیاری گرنگی سیاسی بدەن.
پێشتریش وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران رایگه‌یاندبوو، وڵاته‌كه‌ی ئاماده‌یه، دانووستانی راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكادا بكات.