زەیدی: بەردەوامین لە جێبەجێکردنی کارنامەی حکوومەت بۆ چەسپاندنی سەروەریی یاسا

سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر و سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، دوایین پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکە و گرنگیی پتەوکردنی هەماهەنگیی نێوان دامەزراوە ئەمنییەکان تاوتوێ کرد.

پێنجشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق،  پێشوازی لە هادی عامری، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر و فالح فەییاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی کرد.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە، لە میانی دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی کۆمەڵێک دۆسیەی گرنگی پەیوەست بە دۆخی ئەمنی و سیاسی، لە پاڵ دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە کرا.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە گرنگیی بەهێزکردنی هەماهەنگی و هاوکاریی هاوبەشی نێوان سەرجەم دامەزراوە و دەزگا ئەمنییەکان کرایەوە، لە چوارچێوەی رێنمایی و فەرمانەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندا، بە جۆرێک کە خزمەت بە چەسپاندنی سەقامگیری، پاراستنی ئاسایشی وڵات و سەروەریی خاکی عێراق بکات.

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا دووپاتی کردەوە، حکوومەت بەردەوامە لەسەر جێبەجێکردنی بڕگە و ناوەڕۆکی کارنامەکەی لە بوارە جیاوازەکاندا، بە شێوەیەک کە کۆڵەکەکانی سەروەریی دەوڵەت و یاسا پتەوتر بکات و پشتیوانی لە پرۆسەی گەشەپێدانی هەمەلایەنە لە سەرتاسەری وڵاتدا بکات.

هەر لە میانی کۆبوونەوەکەدا، تیشک خرایە سەر گرنگیی یەکخستنی تەواوی هەوڵە نیشتمانییەکان و بەهێزکردنی پرەنسیپی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن لە نێوان سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکاندا؛ ئەمەش بە ئامانجی پشتیوانیکردن لە رێڕەوی نیشتمانی، بەرزکردنەوەی توانای دەوڵەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و، هەنگاونان بەرەو بەدیهێنانی ئاوات و چاوەڕوانییەکانی هاووڵاتییان.