لە 12 مانگدا 11 هەزار هاوسەر لە یەکتر جیا بوونەتەوە
پارێزەرێک: هۆکاری سەرەکی جیابوونەوەی هاوسەران سۆشیال میدیایە

K24-هەولێر
لە ماوەی 12 مانگدا لە هەرێمی کوردستان 11 هەزار هاوسەر لێک جیابوونەتەوە، واتە لە شەش خێزان 4 خێزانیان هەڵوەشاونەتەوە. لە ماوەى نۆ مانگى رابردووشدا هەشت هەزار و 299 داوا لە بەردەم دادگاى بارى کەسێتى سلێمانى هەبوون، لەو ژمارەیە شەش هەزار و 13 داوا تایبەت بووە بە جیابونەوە.
بە بڕواى پارێزەرانیش ئەو ئامارانە پێویستى بە هەڵوەستە لەسەر کردنە و دەبێت لێكۆڵینەوەی جددی لە ھۆكارەكانی جیابوونەوەی ھاوسەران بكرێت.
رۆژگار ئیبراھیم، یەکێکە لە پارێزەرانی سلێمانی لەوبارەوە بە کوردستان24ی گوت: "دەتوانم بڵێم هۆکاری سەرەکی زیادبوونی رێژەی جیابوونەوەی هاوسەران سۆشیال میدیایە، تەنها لەم هەفتەیەدا دوو حاڵەت هاتووەتە لام، کە کێشەی دوو خێزان بوو، هەردووکیان لەسەر سۆشیال میدیا بوو".
گوتیشی: "ئەو کرانەوەیەی کە لە رووی تەکنەلۆژیا هەیە، لە هەرێمی کوردستان نەتوانراوە بەشێوەیەکی زانستی ئامێرەکان بەکاربێنین، ئەمەش کێشەی کۆمەڵایەتی لێکەوتووەتەوە".
بە گوێرەی ئامارەكان، زۆرترین رێژەی جیابووەنەوەی ھاوسەران لە هەرێمی کوردستان لە پارێزگای سلێمانییە، كە ستانداردی جیھانی تێپەڕاندووە، كۆی رێژەی جیابوونەوە لەو پارێزگایە لە %33یە، لە كاتێكدا بە گوێرەی ستانداردی جیھانی جیابوونەوەیە لە %10یە.
پارێزەران و توێژەرانی كۆمەڵایەتی، بە پێویستى دەزانن بۆ بەرگرتن لە بەرزبوونەوەى رێژەى جیابونەوە، پێش پرۆسەى هاوسەرگیرى هۆشدارى خێزانى بە تاکەکان بدرێت، بۆ ئەوەى کە دوو کەس چوونە نێو پرۆسەى هاوسەرگیرى بەسەر کێشەکانیاندا زاڵ بن و کێشەکانیشیان نەبەنە دەرەوەى خێزان.