جه‌بار ياوه‌ر ورده‌كارى ئامارى شه‌هيد و بريندار و بێسه‌روشوێنبوانى پێشمه‌رگه ده‌خاته‌ڕوو
وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، نوێترين ئامارى شه‌هيد و بريندار و ونبووانى پێشمه‌رگه‌ى له رێگه‌ى كوردستان 24ه‌وه راگه‌ياند.
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، نوێترين ئامارى شه‌هيد و بريندار و ونبووانى پێشمه‌رگه‌ى له رێگه‌ى كوردستان 24ه‌وه راگه‌ياند.
ئه‌ميندارى گشتيى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، فه‌ريق جه‌بار ياوه‌ر له ميانى به‌شداريكردنى له به‌رنامه‌ى باسى رۆژى كوردستان 24 رايگه‌ياند، ئامارى شه‌هيد و بريندار و ونبووانى پێشمه‌رگه هه‌فتانه نوێده‌كرێته‌وه.
فه‌ريق جه‌بار ياوه‌ر له باره‌ى نوێترين ئاماره‌وه گوتى: تا ئه‌مڕۆ ژماره‌ى شههيدانى پێشمه‌رگه (1471) پێشمه‌رگه‌يه و (8635) پێشمه‌رگه‌ش بريندار بوون و (62) پێشمه‌رگه‌ش تا ئێستا چاره‌نووسيان نادياره و نازانرێت ماوون يان شه‌هيد بوون.
سه‌باره‌ت به چاكسازييه‌كانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، فه‌ريق جه‌بار ياوه‌ر گوتى: 3 نوێنه‌رى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه له ليژنه‌ى باڵاى چاكسازيدان و له ده‌ره‌وه‌ى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ش 3 نوێنه‌رى ديكه هه‌ن و له لايه‌ن سه‌رۆكى ديوانى سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه فوئاد حوسێن، سهرپهرشتيدهكرێن.
له باره‌ى هاوكارييه‌كانى ئه‌مريكاوه، فه‌ريق جه‌بار ياوه‌ر رايگه‌ياند، پرسى دابه‌شكردنى هاوكارييه ده‌ره‌كييه‌كان لاى ئێمه‌وه روونه و ئێمه ئاماده‌ين وه‌ڵامى پرسيارى هه‌ر په‌رله‌مانتارێك بده‌ينه‌وه، كه پرسيارى له باره‌ى هاوكاريكردنهكان هه‌يه.
گوتيشى: 415 مليۆن دۆلار له لايه‌ن ئه‌مريكاوه ته‌رخانكراوه بۆ ئه‌وه‌ى وه‌ك موچه بدرێته پێشمه‌رگه و تيمێكى ئه‌مريكاش دێن و له لايه‌ن ئه‌وان و به هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه دابه‌شده‌كرێت.
هه‌روه‌ها باسى له‌وه‌شكرد، 65 مليۆن دۆلاريش ته‌رخانكراوه بۆ كڕينى خۆراك و پێداويستى مرۆيى پێشمه‌رگه و 30 مليۆن دۆلاريش ته‌رخانكراوه بۆ كڕينى پێداويستى يه‌ده‌گ و مه‌شق و راهێنانى هێزى پێشمه‌رگه.
روونيشيكرده‌وه، سه‌رجه‌م ئه‌و بڕه پارانه له لايه‌ن ليژنه‌يه‌كى ئه‌مريكاوه كارى له‌سه‌ر ده‌كرێت و راسته‌وخۆ ئه‌مريكا به هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه پرۆسه‌كه به‌ڕێوه‌ده‌بات.
سه‌باره‌ت به قه‌رزى كۆمپانيا ناوخۆييه‌كانيش، فه‌ريق جه‌بار ياوه‌ر گوتى: خه‌رجى سه‌نگه‌ره‌كان و پێداويستييه ناوخۆييه‌كان كه له لايه‌ن كۆمپانيا ناوخۆييهكانهوه جێبهجێكراوون، قه‌رزه و لاى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌يه و هه‌وڵده‌درێت چاره‌سه‌ر بكرێت.