زنجیره‌یه‌ك تاوان له یه‌ك هه‌فته‌دا.. كوردستان24 ورده‌كاری كوژرانی مه‌ریه‌م یه‌عقوب ده‌خاته‌ڕوو
ته‌نیا له هه‌فته‌یه‌كدا پێنج ژن كوژراون
K24 – هه‌ولێر:
مریم یه‌عقوب (40 ساڵ)، ئه‌مڕۆ له كاتی كڕینی پێداویستی بۆ ماڵه‌وه، له لایه‌ن هاوسه‌ره هاوته‌مه‌نه‌كه‌یه‌وه به چه‌كی كڵاشینكۆف، كوژرا. له ماوه‌ی ته‌نیا یه‌ك هه‌فته‌دا ئه‌مه پێنجه‌م حاڵه‌تی كوشتنی ژنانه، كه چواریان به چه‌ك و یه‌كێكیان به چه‌قۆ بووه.
له به‌غداوه بۆ سلێمانی
مه‌ریه‌م، له بنه‌ماڵه‌یه‌كی كریستیان له (1982) له شاری به‌غدا له‌دایكبووه و له (2007) ماسته‌ری له كیمیای شیكاری له كۆلیژی زانستی زانكۆی نه‌هره‌ین به‌ده‌ستهێناوه. ئه‌و فێرخوازی دكتۆرا بوو له به‌شی كیمیای زانكۆی سلێمانی و پسپۆڕییه‌كه‌ی كیمیای پزیشكی بوو.
مریه‌م به هۆی مانه‌وه‌ی له هه‌رێمی كوردستان و سه‌رقاڵی به ره‌وتی خوێندن و زانسته‌وه، له (2012) وه‌ك مامۆستا له به‌شی تاقیگه‌ی زانكۆی ئه‌مه‌ریكی له سلێمانی وانه‌ی وتووه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها بووه‌ته مامۆستا له زانكۆی كۆمار بۆ زانست و ته‌كنۆلۆژیا.
خۆی بۆ پسپۆڕییه‌كه‌ی ته‌رخانكردبوو
له ماوه‌ی كاركردنی له زانكۆدا ژماره‌یه‌ك پۆستی به‌ڕێوه‌بردووه، له‌وانه یاریده‌ده‌ری راگری كۆلیژ بووه له زانكۆی ئه‌مه‌ریكی له سلێمانی و له تاقیگه‌ی په‌یمانگه‌ی توین ریڤه‌ر بۆ توێژینه‌وه زانستییه‌كان بۆ ماوه‌یه‌ك كاریكردووه.
مامۆستا مریه‌م، له‌گه‌ڵ كریستیانێكی هاوته‌مه‌نی خۆی هاوسه‌رگیری كردووه و هاوسه‌ره‌كه‌ی كارمه‌ند بووه له زانكۆیه‌كی سلێمانی.
داوای جیابوونه‌وه‌ی كردبوو
سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوبه‌ری راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی پۆلیسی سلێمانی تایبه‌ت بۆ "كوردستان24" رایگه‌یاند، ئه‌و مامۆستایه ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر كێشه‌ی خێزانی هه‌بووه له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی.
گوتیشی: به‌و هۆیه‌وه گه‌ڕاوه‌ته‌وه ماڵی باوكی و لای هاوسه‌ره‌كه‌ی به‌جێهێشتووه و داوای جیابوونه‌وه‌ی كردووه، به‌ڵام هاوسه‌ره‌كه‌ی سووربووه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی لێی جیا نه‌بێته‌وه.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه (16ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2022)، كاتێك مامۆستا مریه‌م له ماڵی دایك و باوكی له گه‌ڕه‌كی "كوردسات"ی شاری سلێمانی هاتووه‌ته ده‌ره‌وه بۆ ئه‌وه‌ی شت بكڕێت، هاوسه‌ره‌كه‌ی بۆسه‌ی بۆ داناوه و گه‌یشتووه‌ته سه‌ری و به چه‌كی كڵاشینكۆف ته‌قه‌ی لێكردووه و كوشتوویه‌تی.
هاوسه‌ره‌كه‌یشی گیانی له‌ده‌ستدا
پۆلیسی سلێمانی، پێشتر له راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاندبوو، له پاڵ ته‌رمی مامۆستا مریه‌مدا، هاوسه‌ره‌كه‌ی به هه‌مان چه‌ك فیشه‌كێكی به سه‌ری خۆیه‌وه ناوه، به‌ڵام گه‌یه‌ندراوه‌ته نه‌خۆشخانه.
به‌ڕێوبه‌ری راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كانی پۆلیسی سلێمانی بۆ "كوردستان24" روونیكرده‌وه، به هۆی سه‌ختی برینه‌كه‌یه‌وه، له نه‌خۆشخانه هاوسه‌ره‌كه‌یشی گیانی له‌ده‌ستداوه.
ته‌رمی ئه‌و مامۆستایه و هاوسه‌ره‌كه‌ی گواستراونه‌ته‌وه بۆ پزیشكی دادوه‌ری سلێمانی و رێكاری یاسایی بۆ دۆسییه‌كه‌یان گیراوه‌ته به‌ر.
به‌رهه‌می هاوسه‌رگیرییه‌كه‌ی "مریه‌م یه‌عقوب" و هاوسه‌ره‌كه‌ی منداڵێكه و ئێستا بێ دایك و باوك ماوه‌ته‌وه.
گوته‌بێژی پۆلیسی سلێمانی بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌كی بێ مۆڵه‌تی به یه‌كێك له "مه‌ترسی" و "نه‌هامه‌تییه‌كان"ی كۆمه‌ڵگه وه‌سفكرد و ره‌شبینی خۆی پیشاندا له باره‌ی بنبڕكردنی دیارده‌ی هه‌ڵگرتنی چه‌ك.
"چه‌ك كاره‌ساته"
له هه‌رێمی كوردستاندا به هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌كی سووك له ناو ماڵان‌دا و هه‌بوونی بازاڕی تایبه‌ت به چه‌ك له شاره‌كان و به شێوه‌ی ئۆنلاین له رێی په‌یجه‌كانه‌وه، زۆرێك له كێشه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان خوێنیان تێدا ده‌ڕژێت.
رژانی خوێنی ژنان دیارترین ئه‌و حاڵه‌تانه‌یه، كه ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه به‌رده‌وام دووباره ده‌بێته‌وه و له ناوچه جیاجیاكانی كوردستان ژنان ده‌بنه قوربانی ئه‌و چه‌كه بێ مۆڵه‌ت و نایاسایانه‌ی به ده‌ست هاووڵاتیانه‌وه‌یه.
پێنج ژن كوژراون
له ماوه‌ی ته‌نیا حه‌وت رۆژدا، كوژرانی "مریه‌م" پێنجه‌م حاڵه‌تی كوشتنی ژنانه، كه له رێی چه‌ك و چه‌قۆوه روویدابێت.
رووداوه‌كانی كوشتن و تاوانی رێكخراو و ناڕێكخراو له رێی چه‌كه‌وه، وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی هێناوه‌ته سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ی پشت له یاسای هه‌ڵگرتنی چه‌كی ساڵی (1993) بكات و پڕۆژه یاسایه‌كی نوێ بۆ رێكخستنی ئه‌و بواره ئاماده بكات و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش، ئه‌مڕۆ (16ی شوبات)، وه‌زیری ناوخۆ، "رێبه‌ر ئه‌حمه‌د" له په‌رله‌مانی كوردستان كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی یاسایی و ناوخۆ هه‌بوو.
هه‌بوونی چه‌ك و بڵاوبوونی په‌یوه‌ندییه‌كی راسته‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ حاڵه‌ته‌كانی توندوتیژی دژی ژنان و كێشه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و گۆڕانی شێوازی تاوانه‌كان هه‌یه.
تاوانه‌كانی دژ به ژنان رۆژانه دووباره ده‌بنه‌وه و به‌شێكی به‌رچاوی تاوانه‌كانیش بكوژه‌كان له ده‌ست یاسا راده‌كه‌ن و ده‌ستگیر ناكرێن.
ده‌ستگیرنه‌كردنی تاوانباران و هه‌بوونی ده‌رفه‌ت بۆ خۆحه‌شاردان و راكردنیان هانده‌رێكه بۆ ئه‌وانه‌ی ژن ده‌كوژن.
كوژرانی مریه‌م دوای زنجیره‌یه‌ك رووداوی خوێناوی دێت، كه له ماوه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا روویانداوه.
رووداوی هه‌ره نزیك له كوشتنی "مریه‌م"ه‌وه، دوێنێ سێشه‌ممه (15ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2022) له هه‌ولێر روویدا.
له باره‌ی رووداوه‌كه‌وه، پۆلیسی هه‌ولێر رایگه‌یاند، هاووڵاتی "هه‌مین عه‌بدوڵڵا محه‌ممه‌د ئه‌مین" ته‌مه‌ن (70 ساڵ) له لایه‌ن كوڕێكییه‌وه كوژرا و كوڕه‌كه ته‌مه‌نی (36 ساڵ)ـه و "نه‌خۆشی ده‌روونی هه‌یه".
رۆژێك پێشتریش واته (14ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2022)، ئه‌و رۆژه‌ی له جیهاندا بۆ یادكردنه‌وه‌ی خۆشه‌ویستیی ته‌رخانكراوه، ژنێك به ناوی "په‌رژین نه‌سره‌دین مسته‌فا" له رێگه‌ی نێوان چواقوڕنە و غاباتی رانیە، نزیک پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل درایه به‌ر ده‌ستڕێژی گولـله و كوژرا و بكوژه‌كه توانی رابكات، بۆ رۆژی دواتر دوو تۆمه‌تبار ده‌ستگیر كران.
رۆژێك پێشتریش واته (13ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2022)، له شارۆچكه‌ی زاخۆ، كه‌سێك خوشكی خۆی كوشت.
تاوانلێكراوه‌كه ناوی "عه‌یدێ محه‌ممه‌د ئه‌حمه‌د" (35 ساڵ)، دایكی چوار منداڵ بوو.
گوته‌بێژی پۆلیسی زاخۆ، "نه‌هشه‌ت سه‌لمان" بۆ "كوردستان24"، رایگه‌یاند، تاوانه‌كه له گه‌ڕه‌كی "كارێز" له ماڵی ئه‌و ژنه روویداوه .سه‌ره‌تا "عه‌یدێ" بریندار بووه و فیشه‌ك به‌ر سه‌ری كه‌وتووه و دوای گواستنه‌وه‌ی بۆ نه‌خۆشخانه‌ی دهۆك به هۆی سه‌ختی برینه‌كه‌یه‌وه، دوو كاتژمێر دوای برینداربوونی گیانی له‌ده‌ستداوه.
گوتیشی: تۆمه‌تباری سه‌ره‌كی تاوانه‌كه، برای عه‌یدێ بووه و خۆی راده‌ستی پۆلیس كردووه.
هه‌روه‌ها رۆژی (11ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2022)، كچه قوتابییه‌كی قۆناغی ئاماده‌یی له ناوچه‌ی "سه‌نگه‌سه‌ر"ی سه‌ر به "قه‌ڵادزێ" به په‌ت گیانی له‌ده‌ستدا و كه‌سوكاری رایانگه‌یاند، رووداوه‌كه خۆكوژی بووه.
خۆكوشتنی ئه‌و قوتابییه، به گوێره‌ی به‌دواداچوونی "كوردستان24" كوژرانی "په‌رژین نه‌سره‌دین" به دوای خۆیدا هێناوه و "په‌رژین" نه‌نكی ئه‌و قوتابییه بووه و رووداوه‌كه به هۆی كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی نێوان دوو بنه‌ماڵه‌ی ناوچه‌كه روویداوه.
رووداوه‌كانی ئه‌م هه‌فته‌یه و زنجیره‌ی ژن كوشتنی ئه‌مجاره له "سه‌روین خورشید ره‌شید"ی (26 ساڵ) ده‌ستیپێكرد، كه رۆژی (9ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2022) له شه‌قامی "ئازادی" شارۆچكه‌ی كۆیه و له نزیك قوتابخانه‌ی "كۆسره‌ت" پێش نیوه‌ڕۆ و به به‌رچاوی خه‌ڵكه‌وه له لایه‌ن كه‌سێكه‌وه به چه‌كی كڵاشینكۆف (17) فیشه‌كی پێوه‌نرا و ده‌ستبه‌جێ گیانی له‌ده‌ستدا.
به گیانله‌ده‌ستدانی "سه‌روین" بكوژه‌كه بۆ شوێنێكی نادیار رایكردووه و تا ئه‌مڕۆ (16ی شوبات) ده‌ستگیر نه‌كراوه.
ده‌ستگیرنه‌كردنی بكوژه‌كان رێگه خۆشكه‌ره بۆ دووباره بوونه‌وه‌ی تاوانه‌كان و "كوردستان24" له به‌دواداچوونی ئه‌و دۆسییه‌یه‌دا بۆی ده‌ركه‌وتووه، پێشتر "سه‌روین" له پۆلیسی عه‌نكاوه‌ی شاری هه‌ولێر سكاڵای له‌سه‌ر كه‌سێك تۆمار كردووه، به‌ڵام دواتر خۆی سكاڵاكه‌ی كشاندووه‌ته‌وه.
به‌ر له‌و زنجیره رووداوه‌ش، رۆژی (31ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایری 2022)، له دهۆك، گه‌نجێك، كه ره‌گه‌زی خۆی گۆڕی بوو، دوور له ماڵی خۆیان و به جیا له شوقه‌یه‌كدا ده‌ژیا و كاری ئارایشتی ده‌كرد، له لایه‌ن برایه‌كییه‌وه كوژرا و بكوژه‌كه دوای كوشتنی گه‌نجه‌كه، به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی وڵات رایكرد.
ئا: ئ.ر