کارتی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان دژ بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق

لێكدانه‌وه‌ی جیاواز بۆ بڕیاری دادگای فیدراڵ له‌باره‌ی یاسای نه‌وت و غازی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت

دادگای فیدراڵی عێراق
دادگای فیدراڵی عێراق

K24- هه‌ولێر:

کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری وزە تا ئێستا هەڵوێستیان بەرامبەر بڕیاری دادگای فیدراڵی لە سەر نەوت و غازی هەرێمی کوردستان دەرنەبڕیوە، بەڵام ئەوان دەتوانن کارتێکی زۆر بەهێزی نێودەوڵەتی بەرامبەر ئه‌و بڕیاره‌ی دادگای فیدراڵ بن.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوای پەسندکردنی دەستووری هەمیشەیی عێراق لە ساڵی 2005 بە بەردەوامی داوای دەرچوونی یاسای نەوت و غازی لە بەغدا دەکرد و دوای ئەوەی بە تەواوی لێی بێهیوا بوو، پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2007 یاسای تایبەت بە نەوت و غازی لە هەرێمی کوردستان پەسند کرد.

لە مادەی 120ی دەستووری هەمیشەیی عێراق هاتووە: هەرێمی کوردستان دەتوانێت یاساکانی تایبەت بە خۆی دەربکات. هەروەها بە پێی مادەی 121 لە دەستوور، هەرێمی کوردستان دەتوانێت یاساکانی خۆی جێبەجێ بکات. ئەو دوو مادەیە و دەسەڵاتی هاوبەشیی نێوان بەغدا و هەولێر لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوت، بوون بە بنەمای دەرچوونی یاسای ژمارە 22ی ساڵی 2007 لە پەرلەمانی کوردستان تایبەت بە نەوت و گاز.

"پابەندنەبوونی" کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵ:

زۆربەی زۆری چاودێرانی سیاسی لە عێراق و کوردستان، بڕیارەکەی دادگای فیدرال لە بارەی "نادەستووریبوونی یاسای نەوت و غاز لە هەرێمی کوردستان"، بە بڕیارێکی سیاسی دەزانن و وەك کاردانەوەیەك بەرامبەر بە هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە لێی دەڕوانن.

بە گوێرەی مادەکانی 111 و 112ی دەستووری هەمیشەیی عێراق، هەرێمی کوردستان خاوەندارێتی نەوت و غازی خۆی دەکات، هەر بۆیە ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستانیش بڕیارەکە بە "بڕیارێکی سیاسی" دەزانێت.

رێبوار بابکەیی، ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان، پێیوایە "بە هیچ شێوەیەك کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری وزە پابەندی بڕیارەکەی دادگا نابن، تەنانەت دەتوانن سکاڵاش لە سەر حکومەتی بەغدا تۆمار بکەن".

بابکەیی بە کوردستان24ی گوت: "ئەو کۆمپانیا نێودەوڵەتیانەی لە بواری وزە لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنانیان کردووە، دەزانن کە یاسای نەوت و غازی کوردستان دەستوورییە، هەر بۆیەش وەبەرهێنانیان کردووە. حکومەتی هەرێم بە پێی یاسای په‌یوەندیدار گرێبەستی لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە کردووە، هەر بۆیە رادەستکردنی دۆسیەی نەوت و غاز بە عێراق کرداری نییە و ئەو کۆمپانیایانە دەتوانن سکاڵا لە دژی حکومەتی بەغدا تۆمار بکەن".

ئێستا چەندین گەورە کۆمپانیای وڵاتانی ئەمەریکا، رووسیا، نەرویج، فەرەنسا، تورکیا و ئیمارات لە بواری وزە، گرێبەستیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کردووە.

رێبوار بابکەیی جه‌ختیكرده‌وه‌: ئەو کۆمپانیایانە ئامادە نین واز لە وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و غازی کوردستان و بەرژەوەندی دارایی خۆیان بهێنن، هەر بۆیەش هیچ کاتێك ناچنە ژێر باری بڕیارەکەی دادگای فیدرال".

رێبوار بابکەیی، ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان
رێبوار بابکەیی، ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان

بەرچاوڕوونی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان:

بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی و دەستبردن بۆ سەرچاوەی ئابووری و بژێویی کوردستان، ناو ماڵی کوردستانی و تەنانەت شەقامەکانیشی یەکگرتوو کرد، بۆیە ئێشتا کۆدەنگییەکی تەواو بۆ رەتکردنەوەی بڕیارەکە لە لای کورد له‌ئارادایه‌.

بەشێك لە شارەزایانی بواری وزە پرسیارێکی گرنگ دەوروژێنن و دەڵێن: ئەگەر یاسای نەوت و غاز لە هەرێمی کوردستان دەستووری نییە، چۆن بە پێی "یاسایەکی نادەستووری" کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان کە باشترین تیمی راوێژکاری یاسایی و دەستووریان لەگەڵە، وەبەرهێنانیان لە کوردستان کردووە.

گۆڤەند شێروانی، شارەزا لە بواری وزە پێی وایە بڕیارەکەی دادگای فیدرال دژ بە مادەکانی 116 و 117 لە دەستووری هەمیشەیی عێراقە. ئەو دوو مادەیە تایبەتن بە سستەمی فیدرالی لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش بە هەرێمکی فیدرالی ناو ده‌به‌ن.

شێروانی تایبه‌ت بۆ كوردستان24 گوتی: بێگومان کۆمپانیاکانی بواری وزە لە دەستووریبوونی یاسای نەوت و غازی کوردستان دڵنیابوونە، هەر بۆیەش هاتوون و چەندین ساڵە لە کەرتی نەوت و غازی کوردستان کار دەکەن".

گۆڤەند شێروانی، شارەزا لە بواری وزە
گۆڤەند شێروانی، شارەزا لە بواری وزە

"سەرەڕۆیی" دادگای فیدراڵی:

لە دەستووری هەمیشەیی عێراقدا هاتووە: یاسای نەوت و غاز، چارەسەری کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر دەکات. هەبوونی یاسایەکی تایبەت بەو بوارە، مادەکانی 110 – 111 – 112 و 115 لە دەستووری هەمیشەیی عێراق زیاتر روون دەکاتەوە.

د. ئازاد دۆسکی، پسپۆری دەستووری، بە پێویستی دەزانێت دادگای فیدرالی چاوەڕێی دەسەڵاتی یاسادانانی کردبا و دواتر بڕیاری دابا.

دووپاتیشیكرده‌وه‌، "دادگای فیدرالی زۆر جار بە شێوەیەك مامەڵە دەکات، وەك ئەوەی کە دوو دەسەڵاتی دیکە لە عێراقدا نین‌".

هەندێ شرۆڤەکاری سیاسی پێیان وایە، بڕیارەکەی دادگای فیدرال زیاتر لەوەی رووی لە کورد بێ، رووی لە موقتەدا سەدرە. ئەو دادگایە رەوتی سەدری وەك گەورەترین کوتلەی ناو ئەنجوومەنی نوێنەران پەسند نەکرد، کاندیدبوونی هۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق رەتکردەوە و دواجار بڕیاری "نادەستووریبوونی یاسای نەوت و غازی کوردستانی" دەرکرد. ئەو بڕیارانە هێرشن بۆ سەر هاوپەیمانەکانی سەدر و دژ بە پێکهینانی حکومەتی زۆرینەی نشتیمانین.

ناوبژیوانیی لایەنی سێیەم:

تا ئێستا گفتوگۆی لایەنە عێراقییەکان، بە تایبەت رەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهنگی شیعە لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو بە هیچ ئاکامێك نەگەیشتووە و رەنگە یەکلاکردنەوەی دۆسیەی نەوت لە نێوان حکومەتەکانی بەغدا و هەولێر، بۆ دوای پێکهاتنی حکومەتی نوێ دواکەوێت.

ئەشواق جاف، ئەندامی خولی پێشووتری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دوو رێگە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەی نێوان بەغدا و هەولێر پێشنیار دەکات.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی پێشووتر بۆ كوردستان24 دووپاتیكرده‌وه‌: دەبێت حکومەتی هەرێم دەست بە گفتوگۆی دەستووری و یاسایی جیدی لەگەڵ بەغدا بکات. هەروەها لایەنێکی سێیەمیش بێتە ناو ئەو بابەتە و لێکدانەوەی یاسایی و دەستووریی بۆ ئەو بابەتە هەبێت. دەکرێ نەتەوەیەکگرتووەکان ئەو لایەنە سێیەمە بێت و سەرەڕای ئەوەی کە ناتوانێ کاریگەری راستەوخۆشی هەبێ، بەڵام دەتوانێت چەترێك بێت بۆ گفتوگۆکان".

ئەشواق جاف، ئەندامی خولی پێشووتری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
ئەشواق جاف، ئەندامی خولی پێشووتری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

نچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆكوەزیرانی کوردستان لە ماوەی ئامادەبوونی سێ رۆژەیان لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، لەگەڵ ژمارەیەك سەرکردەی وڵاتانی جیهانی کۆبوونەوە و لە زۆربەی کۆبوونەوەکاندا جه‌ختیان له‌سه‌ر سیاسیبوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی کرده‌وه‌. سەرۆك وەزیرانی کوردستانیش دووپاتی کردەوە، "دەستوور بنەمای پاراستنی مافەکانمانە".

H.B

Fly Erbil Advertisment