کاردانەوەی وڵاتان بەرامبەر هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا چین؟
هەڕەشەکانی ئەمهریکا و ئەوروپا لە چوارچێوەی قسەدا ماونەوە!

K24- ههولێر:
پۆتن هەڕەشەکانی بردەسەر و هێرشی سەربازیی بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپێکرد، بەڵام هاوپەیمانەکانی ئۆکرانیا هێشتا هەڕەشە و گوڕەشەکانیان لە قسە تێپەڕی نەکردووە.
ئەمهریکا وەك زلهێزترین وڵاتی جیهان و هاوپەیمانی ناتۆ و دۆستی ئۆکرانیا، تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی نەناوە، بەهەمان شێوەی پێشتر ئاماژە بە سەپاندنی سزای ئابووری دەدات.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمهریکا لە گوتارێکدا کە سەبارەت بە راگەیاندنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکەی رووسیا پێشکەشی کرد، گوتی: هەموو جیهان بە نزاکانیان هاوخەمی گەلی ئۆکرانیان.
بایدن گوتیشی: ئەم ئێوارەیە لە کۆشکی سپییەوە چاودێری دۆخەکە دەکەم و بەردەوام دەبم لە وەرگرتنی زانیاری نوێ لە تیمی ئاسایشی نەتەوەیی و سبەی لەگەڵ سەرکردەی وڵاتانی جی 7 کۆدەبمەوە، پاشان لەگەڵ دۆستەکانمان سزا بەسەر رووسیادا دەسەپێنین.
هەروەها بایدن لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا جەختی لەسەر پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ ئۆکرانیا کردهوە و داواشی لە زیلینسکی کردووە، داوا لە وڵاتانی جیهان بکات، بە روونی ئیدانەی ئەو هێرشە بێ پاساوەی پۆتن بکەن و شان بهشانی گەلی ئۆکرانیا بوەستن.
بەریتانیاش کە بەهەمان شێوەی ئەمهریکا پەنجەی هەڕەشەی لە رووسیا رادەوەشاند، کاردانەوەکانی لە ئیدانەکردن و سەپاندنی سزای ئابووری زیاتر نەبوون.
بۆریس جۆنسن، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا کارەساتە بۆ کیشوەرەکەمان.
هەروەها گوتی: ئەمڕۆ وڵاتەکەی سزای نوێ بەسەر رووسیادا دەسەپێنێت و داواشی لە سەرکردەکانی ناتۆ و وڵاتانی جی حەوت کردووە، بە زووترین کات کۆبوونەوەیەك ئەنجامبدەن.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا داوای لە رووسیا کرد، دەستبەجێ کۆتایی بە ئۆپراسیۆنەکەی بهێنێت.
ماکرۆن پشتیوانی فەرەنساشی بۆ ئۆکرانیا دووپاتکردەوە.
ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا پێیوایە، ڤلادیمێر پوتن ئاسایش و ئاشتیی ئەوروپای خستووەتە مەترسییەوە و هێرشەکەی بە پێشێلکاریەکی زەقی یاسا نێودەوڵەتیەکان ناوبرد.
بەڵام کیێف چاوەڕێی زیاتری لە وڵاتانی ناتۆ و دۆستەکانی هەیە و داوای هەڵوێستی روونتر و توندتر دەکات.
باڵوێزی ئۆکرانیا لە ئەنقەرە داوای لە تورکیا کردووە، گەرووی ستراتیژی بەسفۆر و دەرندیل لەبەرامبەر کەشتییەکانی رووسیادا دابخات.
بەڵام وەڵامی تورکیا بەهەمان شێوەی وڵاتانی دیکەی ناتۆ لە ئیدانەکردن زیاتر نەبووە.
ئەردۆغان سەرۆك کۆماری تورکیا لەوبارەیهوە رایگەیاند، دەستوەردانی سەربازیی رووسیا لە ئۆکرانیا پێشێلکاری یاسا نێودەوڵەتییەکانە و دوای کرد، کێشەکانی نێوانیان بە دیالۆگ چارەسەربکەن.
ئەردۆگان گوتیشی: لەپێناو خوشك و برا تاتارهکانمان لە ئۆکرانیا هەنگاوی پێویست دەنێین بەبێ ئەوەی باسی هەنگاوەکان بکات.
هاوپەیمانی ناتۆش لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، به تووندترین شێوه ئیدانهی هێرشهكهی رووسیا بۆ سهر خاكی ئۆكرانیا دهكهن.
ناتۆ جهختیشیكردهوه، بۆ پارێزگاریكردن له وڵاتانی ئهندام له هاوپهیمانێتییهكهیان، هێزی زیاتری وشكانی، ئاسمانی و دهریایی له رۆژههڵاتی ئهوروپا بڵاوه پێدهكهن.
نەتەوەیەکگرتووەکانیش لە بەرامبەر ئەو شەڕ و ناکۆکیانە دەستهوەستانە و بێ رۆڵ و کاریگەری ماوەتەوە.
ئەنتۆنیۆ گوتیرێس، سكرتێری گشتیی نهتهوه یهكگرتووهكان لهبارهی دهستپێكردنی ئۆپهراسیۆنی رووسیا بۆ سهر ئۆكراینا رایگهیاند، ئهم جهنگه بێمانایه و بنەماکانی پەیماننامەی نهتهوه یهكگرتووهكان پێشێل دهكات.
بەلام وەك دەردەکەوێ، مۆسکۆ تا ئێستا گوێ بە گوشار و ئیدانە نێودەوڵەتییەکان نادات و سوورە لەسەر ئۆپراسیۆنەکەی و دەڵێت: دەبێت ئامانجەکانی خۆی بپێکێت، کە وەك پوتن ئەمڕۆ رایگەیاند، ئامانجی هێرشەکەیان داماڵینی ئۆکرانیایە لە چەك و پاکردنەوەیەتی لە فکری نازی.