محەمەد شوکری: ژمارەیەک پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە هەولێر لە کارکردن و فرۆشتن راگیراون

بە مەبەستی رێگریکردن لە ئاڵۆزبوونی زیاتری کەرتی خانووبەرە و پاراستنی هاووڵاتییان، دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بڕیاری راگرتنی کارکردن و مامەڵەکردنی لە دەیان پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە هەولێر دا.

ئەمڕۆ دووشەممە، 23ـی تشرینی دووەمی 2026، محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 ئاشکرای کرد، کارکردن و هەر جۆرە مامەڵەیەکی کڕین و فرۆشتن لە 35 پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە هەولێر راگیراون. 

بڕیارەکە راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر پرۆسەی کارکردن دروست کردووە و تاوەکوو مانگی 5ـی ساڵی داهاتوو ڕێگە بە هیچ جۆرە چالاکییەکی بیناسازی یان فرۆشتنی یەکەکان نادرێت. ئەم هەنگاوە توندە، وەڵامێکی راستەوخۆیە بۆ ئەو سستییە قووڵەی باڵی بەسەر بازاڕی خانووبەرەدا کێشاوە و هەوڵێکە بۆ رێکخستنەوەی کەرتی وەبەرهێنان و پاراستنی هاووڵاتییان، تا ئەو کاتەی بازاڕ هاوسەنگیی دارایی خۆی بەدەست دەهێنێتەوە و لە شێوان دەپارێزرێت.