قالیباف: دیپلۆماسی بە تەنیا ناتوانێت سێبەری جەنگ لە ئێران دوور بخاتەوە

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، تەنیا بە دیپلۆماسی ناتوانرێت سێبەری جەنگ لە وڵاتەکە دوور بخرێتەوە، هەروەک چۆن بە جەنگیش بە تەنیا ناتوانرێت ئەو هەڕەشەیە بنبڕ بکرێت.

دووشەممە 23ـی تشرینی دووەمی 2026، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران جەختیکردەوە، دیپلۆماسی و جەنگ هەردووکیان ئامرازێکن بۆ گەیشتن بە توانای بەرگری، هاوکات رایگەیاند، تاران دۆخی نە جەگ و نە ئاشتی قبووڵ ناکات و دەبێت ئەو بابەتە یەکلایی بکرێتەوە.

ئەم لێدوانەی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دوای ئەوە هات، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندبوو، تاران جگە لە وەڵامدانەوەی هەڕەشە و هێرشەکانی دوژمن، لە سەر رێڕەوەی دیپلۆماسییەتیش بەردەوامە بۆ ئەوەی سزاکانی لەسەر هەڵبگیرێت.

هەروەها لا لایەکی دیکەوە، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئێران لە پابەندبوون بە بەڵێنەکانی خۆیدا سەقامگیرە و ئەگەر لایەنی بەرامبەریش مەرجە پەیوەندیدارەکان رەچاو بکات، لە کەمترین کاتدا پابەندییەکانی جێبەجێ دەکات.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتیشی، پابەندبوونی هاوکات بە بەڵێنەکان و مەرجەکان، نیشاندەری جددیبوونی تارانە لە پاراستنی مافەکانی خۆیدا. هاوکات ئەگەر ئەمریکا پابەندییەکانی جێبەجێ بکات، لە کەمترین کاتدا ئاسایش بۆ گەرووی هورمز و ناوچەکە دەگەڕێتەوە.