ئۆکرانیا زیانە گیانییەکانی لە کیێڤ راگەیاند
لەناو کوژراوان منداڵ هەن
K24 – هەولێر
وەزارەتی تەندروستی ئۆکرانیا زیانە گیانییەکانی، بەهۆی هێرش و بۆردومانی رووسیا بۆ سەر کیێڤی پایتەخت راگەیاند، کە ژمارەیەک لە کوژراوان منداڵن.
ئەمڕۆ شەممە 26/2/2022، وەزارەتی تەندروستی ئۆکرانیا رایگەیاند، بەهۆی تۆپباران و بۆردومانی سوپای رووسیا 198 کەس لە کیێڤ کوژراون، لەناویاندا سێ کەسیان منداڵن.
لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە رووسیا هەوڵەکانی بۆ کۆنترۆڵکردنی کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا چڕکردووەتەوە.
ئازاد ئاڵتون، پەیامنێری کوردستان24 لە کیێڤ رایگەیاند، لە زۆربەی کۆڵانەکانی شارەکە دەنگی تەقە و تەقینەوە دەبیسترێت.
هێزە زەمینییەکانی ئۆکرانیا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەیان بەوەکردووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شکستیان بە هێرشێکی سوپای رووسیا هێناوە بۆ سەر کێیڤی پایتەخت.