سەعد مەعن: ئامادەکارییەکان بۆ جێگیرکردنەوەی هێزەکان لە جورف سەخر دەستیان پێکرد
سەرۆکی دەستەی پەیوەندییە گشتییەکان لە نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، دەستپێکردنی ئامادەکارییەکانی بۆ جێگیرکردنەوەی هێزەکان لە ناحیەی جورف سەخر لە بەیانیی هەینیدا راگەیاند؛ هاوکات جەختی کردەوە. گەیشتنی هێزە ئەمنییەکان بح دۆخی ئامادەباشیی (ج) رێکارێکی ئاساییە و بە مانای بوونی هیچ کێشەیەکی ئەمنی نایەت.
سەعد مەعن، سەرۆکی دەستەی پەیوەندییە گشتییەکان لە نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە لێدوانێکی تەلەڤیزیۆنیدا ئاماژەی بەوە کرد، کاتژمێر 6ـی بەرەبەیانی سبەی هەینی 20ـی تشرینی دووەمی 2026، هێزە ئەمنییەکان لە ناحیەی جورف سەخر دەستبەکار دەبن.
هەروەها رایگەیاند: هێزەکان لە لیوای 38ـی فەیلەقی دەیەمی سوپای عێراق، لیوای 17ـی پۆلیسی فیدراڵی، لیواکانی 72 و 79ـی حەشدی شەعبی هەروەها هێزێک لە پۆلیسی وزە، پێک دێن.
ئاماژەی بەوە کرد، هێزەکان دەستیان بە بڵاوبوونەوە کردووە و گەیشتوونەتە ناوچەکە، ئەویش بە پاڵپشتیی راستەوخۆی وەزارەتی ناوخۆ و نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و گرنگیدانی خودی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران.
سەعد مەعن روونی کردەوە، بوونی هێزەکان لە ناحیەکە هەمیشەیی دەبێت، بەهۆی گرنگیی ستراتیژیی ناوچەکە و پێگەکەی لە نێوان چەند پارێزگایەکدا.
سەبارەت بە راگەیاندنی دۆخی ئامادەباشیی (ج)، سەعد مەعن دووپاتی کردەوە، ئەم ڕێکارە لە چوارچێوەی ئامادەکاری و ڕێوشوێنە ئاساییەکاندا دێت کە هاوشانی پرۆسەکانی گواستنەوەی بارەگاکان، گۆڕینی هێزەکان و دووبارە بڵاوەپێکردنەوە ئەنجام دەدرێن و بە مانای بوونی کێشە یان هەڕەشەیەکی ئەمنی نایەت.
ئاماژەی بەوەش کرد، فەرماندەیی حەشدی شەعبیش لە لای خۆیەوە دەستپێکردنی رێکارەکانی گۆڕینی هێزەکانی لە ناوچەکەدا راگەیاندووە.
لە لایەکی دیکەوە میقداد میری، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆ بە تایبەتی پۆلیسی وزە، پۆلیسی فیدراڵی و پۆلیسی ناوخۆیی رۆڵیکی گەورە و گرنگیان لە ناحیەی جورف سەخر دەبێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردبوو، لەسەر راسپاردەی عەلی فالح زەیدی، فەرمانی دیوانی دەرچوو بۆ پێکهێنانی بارەگای کۆنترۆڵکەر لە (جورف سەخر) بەم شێوەیەی خوارەوە:
1. بارەگاکە لە هەموو روویەکەوە بە فەرماندەیی هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵییەوە دەبەسترێتەوە.
2. دامەزراندنی فەریق روکن ئەحمەد حاتەم حەمید وەک فەرماندەی بارەگای کۆنترۆڵکەر لەگەڵ دامەزراندنی دوو جێگری بۆی:
-جێگرێک بۆ کاروباری بەرگری: لیوا روکن حوسێن عەلی نسەیف.
- جێگرێک بۆ کاروباری حەشدی شەعبی: عودەی عەبدولئەئیمە مەسحەب.
3. چوار پێکهاتە بە بارەگاکە دەبەسترێنەوە، کە بریتین لە:
-لیوایەک لە سوپای عێراق.
- لیوایەک لە پۆلیسی فیدراڵی.
-دوو لیوا لە دەستەی حەشدی شەعبی.
-فەوجێک لە پۆلیسی وزە بۆ دابینکردنی پاراستن بۆ بۆرییە نەوتییەکانی ناوچەکە.
4. کەرتی بارەگای کۆنترۆڵکەر دەکەوێتە ناو سنووری کارگێڕیی جورف سەخر.
5. بارەگاکە لە کاتژمێر شەشی بەیانی رۆژی 20ی تشرینی دووەمی 2026"ـەوە دەکرێتەوە و فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردنی سەرجەم یەکە ئەمنییەکانی ژێر فەرمانی ئەنجام دەدات.
6. بارەگای کۆنترۆڵکەر بە بەرزترین ئاستی هەماهەنگی، هەماهەنگی دەکات لەگەڵ هەریەک لە فەرماندەیی پۆلیسی بابل و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەربەلا و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا.