ئەمریکا زیاتر لە 48 ملیار دۆلاری لە جەنگی ئێران خەرج کردووە

تێچووی جەنگی ئێران بۆ ئەمریکا 48 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، لەوبارەیەوە بەرپرسێکی پێنتاگۆن رایگەیاند، ئەو بڕە پارەیە لە کۆتاییەکانی مانگی شوباتەوە بۆ جەنگەکە خەرج کراوە.

پێنجشەممە 19ـی تشرینی دووەمی 2026، ئارسر میلر، جێگری کۆنترۆڵکەری دارایی لە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، بە کۆنگرێسی راگەیاند: "تا 13ـی تشرینی دووەم، تێچووەکە گەیشتووەتە 48.3 ملیار دۆلار". ئەم ژمارەیە بەراورد بە پێشبینییەکی پێشووی نووسینگەی بودجەی کۆنگرێس، تێچووی جەنگەکەی تا 1ـی ئاب بە 38 ملیار دۆلار خەمڵاندبوو، بە بەرزبوونەوەی ئەم رێژەیەش بڕی خەرجییەکانی ئەمریکا بۆ جەنگی دژ بە ئێران نزیکەی 26% زیادی کردووە.

ئارسر میلر لە میانەی دانیشتنێکی گوێگرتن بۆ بەربژێرکردنی پۆستی یاریدەدەری وەزیری دەریا بۆ کاروباری دارایی، روونیکردەوە ئەو ژمارەیە تێچووی تەقەمەنی و گۆڕینەوەی کەلوپەلی سەربازی و تێچووە کارگێڕییەکان لەخۆدەگرێت.

گوتیشی، ئەو بڕە پارەیە زیانەکانی سەر بنکە ئەمریکییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەخۆناگرێت، کە بەشێکیان بەهۆی هێرشی درۆن و مووشەکەکانی ئێرانەوە زیانی زۆریان بەرکەوتووە. هەروەها تێچووەکە زیانەکانی سەر ئابووریی جیهانیشی لەخۆنەگرتووە.

جەنگی ئێران کاریگەریی زنجیرەیی لەسەر ئابووریی وڵاتەکە دروستکردووە. تاران رێڕەوی کەشتیوانی لە گەرووی هورموز پەکخستووە، کە بۆ هەناردەکردنی نەوت و گازی سروشتیی شلکراو گرنگییەکی ستراتیژیی هەیە. هاوکات حووسییەکان لە یەمەن کە هاوپەیمانی ئێرانن، ژێرخانی نەوتی سعوودیە و کەشتییەکانیان دەکەنە ئامانج.

لە بەرامبەردا ئەمریکا گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێرانی راگەیاندووە. ئەم هەنگاوە بووەتە هۆی ئەوەی هێزی دەریایی ئەمریکا، لەنێویاندا فڕۆکەهەڵگرەکان، بە چڕی لە ناوچەکەدا ئامادەییان هەبێت، ئەمەش وایکردووە رۆژ لە دوای رۆژ بڕی خەرجییەکانی واشنتن لەو جەنگەدا بەرزببێتەوە.