وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئۆكرانیا: پوتن گۆشه‌گیر كراوه‌

"رووسه‌كان تاوانی جه‌نگیان ئه‌نجامداوه‌"
دیمتری كۆلیبا، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئۆكرانیا
دیمتری كۆلیبا، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئۆكرانیا

K24- هه‌ولێر:

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئۆكرانیا رایده‌گه‌یه‌نێت، 4 رۆژه‌ رووسه‌كان شه‌ڕ ده‌كه‌ن هیچ ئامانجێكیان نه‌پێكاوه‌، ئێمه‌ شه‌ڕ ده‌كه‌ین بۆ پاراستنی ئۆكرانیا.

دیمتری كۆلیبا، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئۆكرانیا له‌ گوتارێكدا رایگه‌یاند، خاكی بێلارووسیا بۆ هێرشكرنه‌ سه‌ر ولاته‌كه‌مان به‌كار هاتووه‌، به‌رگریكردن له‌ وڵاته‌كه‌مان بۆ پوتن چاوه‌ڕوان نه‌كراو بوو.

كۆلیبا راشیگه‌یاند، شه‌ڕ له‌ زۆربه‌ی ناوچه‌كانی ئۆكرانیا به‌رده‌وامی هه‌یه‌، رووسیا تاوانی جه‌نگی له‌ ئۆكرانیا ئه‌نجامداوه‌، خانه‌ی به‌ساڵاچووانی بۆردوومان كردووه‌ و ژماره‌یه‌ك منداڵیش به‌هۆی هێرشه‌كانی مۆسكۆ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئۆكرانیا ئاشكرای ده‌كات، له‌ شاره‌ گه‌وره‌كاندا زۆرێك له‌ ئامانجه‌ مه‌ده‌نییه‌كان بۆردوومان كراون، جگه‌ له‌وه‌ش به‌هۆی هێرشه‌كانی رووسیا كاره‌ساتی ژینگه‌یی دروست بووه‌. ده‌شڵێت: "تاوانباران رووبه‌ڕووی دادگا ده‌كه‌ینه‌وه‌".

ئه‌و وه‌زیره‌ی ئۆكرانیا روونیكرده‌وه‌، سوپاسی ئه‌و لایه‌نانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ پاڵپشتی وڵاته‌كه‌مان بوون، سوپاسی خۆبه‌خشه‌كانیش ده‌كه‌ین كه‌ دژی رووسیا ده‌جه‌نگن. گوتی: "ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ی دژی پوتن راگه‌یه‌نراوه‌، پتر له‌ 80 وڵاته‌، پوتن گۆشه‌گیر كراوه‌، هه‌موو ده‌روازه‌كانی به‌ روودا داخراون وبه‌هۆی ئه‌و سیسته‌مه‌ سیاسییه‌ خراپه‌ی هه‌یانه‌ دووچاری هه‌ژاری ده‌بن".