رووماڵ

بیرۆكه‌ی له‌نده‌ن گراد كۆتایی دێت

"ئه‌و سزایانه‌ رێگه‌خۆشكه‌ر ده‌بن كه‌ پاره‌ی به‌رپرسه‌ گه‌نده‌ڵه‌كانی رووسیا له‌ له‌نده‌ن ده‌ستی به‌سه‌ردابگیرێت، یاخوود ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ گه‌نده‌ڵانه‌ له‌ به‌ریتانیا ده‌ربكرێن"

باره‌گای سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا له‌ له‌نده‌ن، وه‌ك هاوسۆزی بۆ ئۆكرانیا / AFP
باره‌گای سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا له‌ له‌نده‌ن، وه‌ك هاوسۆزی بۆ ئۆكرانیا / AFP

K24 – هەولێر:

رۆژنامه‌ی (ئندیپێندنت)ـی به‌ریتانی راپۆرتێكی له‌باره‌ی جه‌نگی رووسی – ئۆكرانی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، تێیدا هاتووه‌، هێرشه‌كانی مۆسكۆ بۆ سه‌ر كیێڤ، كاریگه‌ری ته‌واوی بۆ سه‌ر داهاتووی له‌نده‌ن ده‌بێت.

ئه‌و رۆژنامه‌ به‌ریتانییه‌ راشیگه‌یاند، په‌رله‌مانی به‌ریتانیا سزای خسته‌ سه‌ر ته‌واوی بانكه‌ گه‌وره‌كانی رووسیا، جیا له‌وه‌ی 100 كۆمپانیا و سه‌رمایه‌داری گه‌وره‌ی رووسی خرانه‌ لیستی سزادراوان.

ئندیپێندنت، جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌، ئه‌و سزایانه‌ كاریگه‌ری گه‌وره‌ ده‌كاته‌ سه‌ر بیرۆكه‌ی (له‌نده‌ن گراد)، كه‌ ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌ و كاركردنی زۆرترین سه‌رمایه‌دارانی رووسی له‌ له‌نده‌ن.

ئه‌و رۆژنامه‌ روونیكرده‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌ریتانیا له‌ ده‌رهێنانی مۆسكۆ له‌ سیستمی دارایی جیهانی سه‌ركه‌وت، پێگه‌ی گه‌وره‌ سه‌رمایه‌دارانی رووس له‌ به‌ریتانیا ده‌كه‌وێت.

دیمه‌نێكی له‌نده‌ن
دیمه‌نێكی له‌نده‌ن

رۆژنامه‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات، به‌هۆكاری ئاسانكاری سیستمی كاركردن، (له‌نده‌ن) ببووه‌ پێگه‌ی گه‌نده‌ڵی بۆ سه‌رمایه‌دارانی رووس، ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌ریتانی نه‌یانده‌توانی هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كیان به‌رامبه‌ردا بكه‌ن.

ئندیپێندنت ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، ساڵانه‌ 100 ملیار جونه‌ی ئیسته‌رلینی له‌ له‌نده‌ن ساغ ده‌كرێته‌وه‌، ببووه‌ هۆكاری تێكدانی سه‌قامگیری ئه‌و وڵاته‌، ئه‌و كاره‌ش له‌لایه‌ن سه‌رمایه‌دارانی رووسی ئه‌نجام ده‌درێن، ئه‌و سزایانه‌ رێگه‌خۆشكه‌ر ده‌بن كه‌ پاره‌ی به‌رپرسه‌ گه‌نده‌ڵه‌كانی رووسیا له‌ له‌نده‌ن ده‌ستی به‌سه‌ردابگیرێت، یاخوود ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ گه‌نده‌ڵانه‌ له‌ به‌ریتانیا ده‌ربكرێن"