به بهشداری ههرێمی كوردستان پێشانگای کشتوکاڵ و ژینگە لە قەتەر کرایەوە
دەستەی وەبەرهێنان و وەزارەتی کشتوکاڵی کوردستان بە فەرمی بەشدارن

K24 – ههولێر:
بە بەشداری زیاتر لە 650 کۆمپانیای نێودەوڵەتی و هەرێمی، پێشانگای کشتوکاڵ و ژینگەی قەتەر کرایەوە.
لە پێشانگاکەی قەتەر بۆ یەکەمجارە نوێنەری دەستەی وەبەرهێنان و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی کوردستان، بە ئاڵای کوردستانەوە شوێنی تایبەتیان بۆ دابینكراوه، لەهەمانکاتدا 8 کۆمپانیای گەورەی کشتوکاڵی و پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان بەشدریان تێدا کردووە.

ئامانجی پێشانگەکە نمایشکردنی کەلوپەلەکانی کشتوکاڵی و ژینگە دۆستی کۆمپانیا گەورەکانی جیهان و هەروەها ئاڵوگۆڕی بیروڕاو پتەوکردنی هەماهەنگی نێوان کۆمپانیا و نوێنەری وڵاتانە.

لە پێشانگەکەی ئەمجارەی قەتەر ، نوێنەرانی دەستەی وەبەرهێنان و وەزارەتی کشتوکاڵ و هەروەها عەلوەی هاوچەرخی هەولێر، بە فراوانی بەشداریان تێدا کردووە و بە ئامانجی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتاندا چەندین دیدار و کۆبوونەوەیان لەگەڵ گەورە کۆمپانیاکانی بواری کشتوکاڵی جیهانیدا ئهنجامداوه.
پێشانگای کشتوکاڵ و ژینگەی قەتەر، لە 10ی ئادار تاوەکو 15 ئادار بەردەوام دەبێت و سەرجەم کۆمپانیا بەشداربووەکان بە بەرهەمەکانی کشتوکاڵ و سامانی ئاژەڵی و ژینگە بەشدارن.