سەرۆك بارزانی: لەدوای رێككەوتنی یازدەی ئازار رژێمی عێراق رێگەی پەیمانشكێنی و ملهوڕی گرتەبەر

"ئەو خەباتەی لەپێناو بەرقەراربوونی پێكەوەژیان و شەراكەت و دادپەروەری و ئاشتیدا بەردەوام بوو و گەییشتە ئەنجام"

سه‌رۆك بارزانی
سه‌رۆك بارزانی

K24 – هه‌ولێر:

به‌بۆنه‌ی په‌نجاو دووه‌مین ساڵیادی رێكه‌وتننامه‌ی یازده‌ی ئادار، سه‌رۆك بارزانی په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌، لە ئەنجامی پێداگری و خۆڕاگریی گەلی كوردستان و شۆڕش، بە ڕابەرایەتیی جەنابی بارزانیی نەمر ڕژێمی عێراق ناچار كرا كە لە یازدەی ئاداری 1970ـدا بۆ یەكەم جار و بە شێوەیەكی فەرمی دان بە بەشێك لە مافەكانی گەلەكەماندا بنێت.

هه‌روه‌ها له‌ په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانیدا هاتووه‌، راستە لەدوای ڕێككەوتنی یازدەی ئازاریش ڕژێمی عێراق ڕێگەی پەیمانشكێنی و ملهوڕی گرتەبەر بەڵام ئیرادەی گەلەكەمان بۆ بەردەوامی خەبات و خۆبەدەستەوەنەدان هەر بەردەوام بوو و، بووە هۆی بەدەستهاتنی دەستكەوتی گەورەتر.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

زۆر بە بەرزی یادی پەنجا و دوو ساڵەی ڕێككەوتننامەی یازدەی ئادار دەكەینەوە كە دەستكەوتێكی گرنگی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان بوو.

لە ئەنجامی پێداگری و خۆڕاگریی گەلی كوردستان و شۆڕش، بە ڕابەرایەتیی جەنابی بارزانیی نەمر ڕژێمی عێراق ناچار كرا كە لە یازدەی ئاداری 1970ـدا بۆ یەكەم جار و بە شێوەیەكی فەرمی دان بە بەشێك لە مافەكانی گەلەكەماندا بنێت.

یازدەی ئاداری 1970، بەڵگەیەكی ڕوونە لە سەركەوتنی شۆڕش و ئیرادەی ڕەوای گەلی كوردستان بەسەر نكۆلیكاریی ناحەزانی گەلی كوردستان و هەوڵەكانیان بۆ سڕینەوەی گەلەكەمان. ڕێككەوتننامەی یانزدەی ئازار بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە و سەرجەم چین و توێژ و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی كوردستان بوو. ئەو خەباتەی لەپێناو بەرقەراربوونی پێكەوەژیان و شەراكەت و دادپەروەری و ئاشتیدا بەردەوام بوو و گەییشتە ئەنجام.

ڕاستە لەدوای ڕێككەوتنی یازدەی ئازاریش ڕژێمی عێراق ڕێگەی پەیمانشكێنی و ملهوڕی گرتەبەر بەڵام ئیرادەی گەلەكەمان بۆ بەردەوامی خەبات و خۆبەدەستەوەنەدان هەر بەردەوام بوو و، بووە هۆی بەدەستهاتنی دەستكەوتی گەورەتر.

لە ساڵیادی ڕێككەوتننامەی یازدەی ئازاردا جەخت لە پەیامی ئاشتیخوازانە و پێكەوەژیانی گەلی كوردستان دەكەینەوە و ئەوەش دووپات دەكەینەوە كە لە هەر بارودۆخ و لەژێر هەر گوشارێكدا ئیرادەی گەلی كوردستان ناشكێت و، كوردستان دەستبەرداری ئازادی و مافە ڕەواكانی نابێت.

مسعود بارزانی

11ی ئاداری 2022

Fly Erbil Advertisment