لیستی برایه‌تی داوا ده‌كات هه‌رێم بڕیاری گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌ركووك بدات

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/61c70b8a-d5b7-4ad8-a37d-d0f8a5e92038/karkuk%20u%20garanawa.ism/manifest

K24 - كه‌ركووك:

لیستی برایەتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووك، داوا لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکات، بڕیاری گەڕانەوەی کەرکووك بۆسەر ھەرێمی کوردستان بدات و جەختیش لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە جگە لە گەڕانەوەی کەرکووک بۆ سەر ھەرێمی کوردستان بەھیچ ڕێگە چارەسەر و پرۆژەیەکی دیکە ڕازی نابن.

تورکمانەکانیش پاڵپشتی پرۆژەکەی نەجمەدین کەریم دەکەن عەرەبەکانیش ھەفتەی داھاتوو وەکو دوا وادە دەستنیشان دەکەن بۆ بڕیاردان لەسەر پرسی بەھەرێمکردنی کەرکووك.

ئەو پرۆژەیەیی کە پارێزگاری کەرکووك کاری بۆ دەکات، دەبێت لەم دەرگایەوە بچێتە ژوورەوە کە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووكه‌، پاشان لەنێو ئەم ھۆڵەوە بخرێتە دەنگدانەوە .

تورکمانەکانی کەرکووك داوای ڕونکردنەوەی زیاتریان لە پارێزگاری کەرکووك کردووە، باس لەوە دەکەن کە ئەو پرۆژەیەیی ئەوان ھەیانە جیاوازیەکی ئەوتۆی لەگەڵ پرۆژەکەی نەجمەدین کەریمدا نییە.

عەرەبەکانی کەرکووکیش، دژی پرۆژەکه‌ی پارێزگاری کەرکووك ناوەستنەوە، بەڵام بڕیاری کۆتاییشیان نەداوە بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو پرۆژەیە، ئەوان پێش چەند ڕۆژێك ئەنجوومەنێکی سیاسیان راگەیاند بۆ یەکخستنی ھەڵوێستی عەرەبەکانی کەرکووك، بەوتەی خۆیان رۆژی شەممەی داھاتوو، لەکۆبونەوەی دووەمی ئەو ئەنجوومەنە بڕیاری یەکلاکەرەوە لەسەر ئەو پرسە دەدەن.

لیستی برایەتی کە خاوەنی 26 کورسیە لە کۆی 41 کورسی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووك، بەوتەی خۆیان دەنگ بەھیچ پرۆژەیەکی دیکە، جگە لە پرۆژەی گەڕانەوەی کەرکووك بۆسەر ھەرێمی کوردستان نادەن، بەپێی ئەو ھەڵوێستەی لیستی برایه‌تیش بێت، پرۆژەی ھەرێمی سەربەخۆ پێش لەدایکبوونی لەباردەچێت، چونکە پرۆژەیەکی لەو شێوەیە پێویستی بە دوو لەسەر سێ دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەن ھەیە.

سەرباری ئەوەی کە ھەموو لایەنە کوردییەکان پرۆژەی بەھەرێم کردنی کەرکووك رەتدەکەنەوە بەڵام پارێزگاری کەرکوک بەردەوامە لە ھەوڵەکانی کار لەسەر ڕازی کردنی کەرکوکیەکان دەکات چونکە سیاسیەکان دەرگای پاڵپشتی کردنیان بە روودا داخست.