ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی هه‌رێمی كوردستان و وه‌به‌رهێنه‌رانی ئه‌ڵمانیا هه‌مانگی نێوانیان تاوتوێ ده‌كه‌ن

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان سەردانی ئەڵمانیای کردووە

دیمه‌نی یه‌كێك له‌ كۆبوونه‌وه‌كان
دیمه‌نی یه‌كێك له‌ كۆبوونه‌وه‌كان

K24 – هه‌ولێر:

بەئامانجی فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ئەڵمانیا و کەرتی تایبەت، لەرێگەی بانگهێشتنامەیەکی فەرمی محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان سەردانی ئەڵمانیای کردووە، لەیەکەم رۆژی سەردانەکەی ژمارەیەک دیدارو کۆبوونەوەی لەگەڵ چەند راوێژکارێکی ئابووری و وەبەرهێنانی حکومەتی ئەڵمانیا کردووە، بڕیاریشە لەچەند رۆژی داهاتوو چەند کۆمپانیایەک و  دامەزراوەیەکی ئابووری ئەو وڵاتە بەسەر بکاتەوە.

محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان بە کوردستان24 راگەیاند، ئامانج لەو سەردان و دیدار و کۆبوونەوانە، راکێشانی سەرنجی کۆمپانیاکانی ئەڵمانیایە بۆ هەرێمی کوردستان و هەروەها حکومەت و کەرتی تایبەتی ئەڵمانیاش نیازیان هەیە ئاستی وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی و بازرگانی لەوەی ئێستا هەیە بەرزبکەنەوەو ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە لەرووی راوێژکارییەوە بێ بەرامبەر هاوکاریمان بکەن.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی بەوەشکرد، لەیەکەم کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ گەورە کۆمپانیایەکی ئەو وڵاتە، گەورە راوێژکارێکی ئابووری حکومەتی ئەڵمانیاش ئامادەبووە، تێیدا تاوتوێی چەند تەوەرێک کرا ، لەوانە رەخساندنی دەرفەتی وەبەرهێنان لە نێوان کۆمپانیاکانی ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان و پتەوکردنی هەماهەنگی و پەیوەندییەکان، هەروەها جەختمان لەسەر پەیامی و کارنامەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانمان کردەوە، کەیەكێک لە هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەم، کارئاسانی و رەخساندنی دەرفەتی وەبەرهێنانە بۆ کۆمپانیا بیانییەکان بەتایبەتی بۆ حکومەت و کۆمپانیاکانی  ئەڵمانیا.

هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، ئەو خاڵ و بنەمایانەی لە یاسای وەبەرهێناندا هەن زۆر فراوانن و دەتوانن سوودی لێوەرگرن و هەرێمی کوردستانیش پێویستی بە ئەزموون و تەکنەلۆژیای وڵاتان هەیە بەتایبەتی  ئەڵمانیا کە لە زۆر بواردا دەتوانن هەماهەنگییەکانیان لەگەڵ بەهێزتر و فراوانتر بکەین بەتایبەتی لە بواری کشتوکاڵ و سیستەمی بانکی و هێلی شەمەندەفەر، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان  راشیگەیاند، لەم کۆبوونەوەیەدا ژمارەیەک کۆمپانیای ئەڵمانیا ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە لەرووی راوێژکاری و گۆڕینەوەی ئەزموون و سەرکەوتنەکانیان لەگەڵ کەرتی تایبەت و وەبەرهێنەرانی کوردستان بەش بکەن و هاوکاریمان بکەن.

4
354