توركیا هه‌زاران هاووڵاتی خۆی له‌ ئۆكرانیا گواسته‌وه‌

"پرۆسه‌ی رزگاركردنی ئه‌و هاووڵاتییانه‌ له‌ رێگه‌ی پاسی گه‌وره‌ و بچووكه‌وه‌ بووه‌"

توركیا هه‌زاران هاووڵاتی خۆی له‌ ئۆكرانیا گواسته‌وه‌
توركیا هه‌زاران هاووڵاتی خۆی له‌ ئۆكرانیا گواسته‌وه‌

K24 – هه‌ولێر:

حكومه‌تی ئه‌نقه‌ره‌ بڵاویكرده‌وه‌، له‌ ماوه‌ی سێ هه‌فته‌ی شه‌ڕی ئۆكرانیادا، توانیویانه‌ 15 هه‌زار و 196 هاووڵاتی توركیی له‌ ئۆكرانیا بگوازنه‌وه‌ و له‌ مه‌ترسی شه‌ڕ دووریان بخه‌نه‌وه‌.

رۆژی (24ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2022)، رووسیا رایگه‌یاند، بۆ پاراستنی خه‌ڵكی نه‌ژاد رووسیایی له‌ ئۆكرانیا و هه‌رێمه‌كانی دۆنباس و لۆگانتسك، ئۆپراسیۆنی سه‌ربازیی بۆ سه‌ر خاكی ئۆكرانیای ده‌ستپێكردووه‌.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، مه‌ولود چاوش ئۆغلۆ رایگه‌یاند، ته‌نیا دوێنێ چوارشه‌ممه‌ 159 هاووڵاتی له‌ چه‌ند شارێكی ئۆكرانیا رزگار كراوون و گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ توركیا.

گوتیشی: پرۆسه‌ی رزگاركردنی ئه‌و هاووڵاتییانه‌ له‌ رێگه‌ی پاسی گه‌وره‌ و بچووكه‌وه‌ بووه‌ و ده‌سه‌ڵاتداره‌ خۆجێیه‌كان هاوكار بوونه‌.

روونیشیكرده‌وه‌، توركیا یارمه‌تی 4 هه‌زار و 965 بیانی داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ناوچه‌ی شه‌ڕ ده‌رباز بن و ئه‌وانی گواستووه‌ته‌وه‌.