کەشناسی: کەشوهەوای هەرێمی کوردستان ناسەقامگیر دەبێت

کەشناسی هۆشداری دەدات

K24 – هەولێر

بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، چەند رۆژی داهاتوو کەشوهەوای هەرێمی کوردستان ناسەقامگیری بەخۆیەوە دەبینێت و بارانبارین و هەورە بروسکە دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکانیش بەفر دەبارێت، پلەی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت.

بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە: "لەئەنجامی کاریگەری هەردوو نزمە پەستانی دەریای سپی ناوەڕاست و نیمچە دوورگەی عەرەبی، ئەمڕۆ پێنجشەممە تاکو رۆژی یەکشەممەی داهاتوو کەشوهەوای هەرێم ناسەقام گیربوونێک بەخۆوە دەبینێت،بەشێوەی نمە باران و بەفر لەناوچە شاخاوییەکان و هەروەها تاوە باران و هەورە بروسکە  لە زۆربەی ناوچەکاندا".

کەشناسی راشیگەیاند: "پلەکانی گەرما نزم بوونەوەیەکی بەرچاو بەخۆوە دەبێت بەتایبەتی لەناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەرێم بەجۆرێک لە سفر پلەی سیلیزی نزیک دەبێتەوە".

کەشناسی هاووڵاتییان بە گشتی و ئاژەڵداران بەتایبەتی ئاگادار دەکاتەوە: "لە ماوەی ئەم دوو رۆژە خۆیان بەدوور بگرن لە شوێنی روودانی هەورە بروسکە، بۆ زانیاری مەترسی بروسکە لە ناوچە دەشتاییەکان زیاترە".