ڤیار فرسەت سۆفی: باوکم هەمیشە بە دڵەوە گوێی لە خەڵکی دەگرت

"یەکێک لە کردارە باشەکانی ئەوەبوو، کە هەمیشە بە دڵەوە گوێی لە خەڵکی دەگرت"

د. فرسەت سۆفی پارێزگاری پێشووی هەولێر و ڤیار فرسەت سۆفی
د. فرسەت سۆفی پارێزگاری پێشووی هەولێر و ڤیار فرسەت سۆفی

K24 - هەولێر:

لەژێر دروشمی RISEUP (هەستانەوە) پێنجەمین کۆنفرانسی تێدئێکس نیشتمان بە هاوبەشی میدیایی کوردستان24 لە شاری هەولێر به‌ڕێوه‌ده‌چێت و ڤیار فرسەت سۆفی چیرۆکی خۆی دەگێڕێتەوە و لەبارەی گوێگرتن لە هەرزەکاران باوکی بە نموونە دەهێنێتەوە.

ڤیار فرسەت سۆفی، كچی پارێزگاری پێشووی هه‌ولێر لە کۆنفرانسی تێدئێکس نیشتیمان لەبارەی گوێگرتن لە هەرزەکاران گوتی: "گوێگرتن لە هەرزەکاران ئەوەیە کە هەست بە ئازارەکانیان بکەین، هەوڵدەین لە گیر و گرتفەکانیان تێبگەین پاشان هاوکاریان بکەین."

ڤیار فرسەت سۆفی کچێکی تەمەن 13 ساڵە و لە هەولێر لەدایکبووە و لە ئۆڵێمپیادی وەبەرهێنەرانی داهاتوو مەدالیای برۆنزی بەدەست هێناوە، لە کۆنفرانسی تێدئێکس نیشتیمان باسی لەوە کرد، "لە ئێستادا زۆربەی هەرزاکاران لەنێو ماڵی خۆیان لە ژینگەیەکی ناتەدروستن لەبەرئەوەی هەستناکەن کە پشتگیری دەکرێن، ئێمە دەبێت هۆشیاری بدەینە هەموو ماڵێکی کورد تا دایک و باوک و خوشک و برا بە ئارامی دانیشن و گوێ لە یەکتری بگرن و گفتوگۆ بکەن، تا گوێگرتن ببێتە کلتورێك."

لەبارەی چارەسەری کێشەی هەرزەکارانەوە ڤیاری گوتی: "زۆر کێشەی هەرزەکار چارەسەر دەبوو ئەگەر تەنها گوێمان بۆ گرتبان، با گوێ لە هەرزکار بگرین بەبێ ئەوەی سەرزەنشتیان بکەین، کەسێک لە ژیانی من رۆڵێکی گرنگی هەبووە لە هەموو بەرەو پێشچوون و سەرکەوتنەکانم، هەمیشەش بە تێگەیشتووانە گوێی لێگرتووم، بەهەمانشێوە یەکێک لە کردارە باشەکانی ئەوەبوو، کە هەمیشە بە دڵەوە گوێی لە خەڵکی دەگرت، ئەگەرچی بە جەستەش لەلام نەبێت، بەڵام هەمیشە بە رۆح لەلامە، ئەو کەسەش باوکمە."

زیاتر لە 3400  کەس فۆڕمی بەشداریکردنی لە تێدئێکس نیشتیمان پڕکردبووەوە و لەو ژمارەیەش بەهۆی سنوورداری هۆڵ و شوێنی کۆنفرانسەکەوە، 1200 کەس بەشداری دەکەن. لە کۆنفرانسی ئەمجارەدا 10 قسەکەر چیرۆکی سەرکەوتنی خۆیان دەگێڕنەوە.