ئۆكرانییه‌كان له‌ كیێڤ په‌یكه‌ره‌كان داده‌پۆشن

به‌ ڤیدیۆ.. پەیکەری بەردەم ناوەندە ھونەرییەکان و کڵێساکان بە کیسەی پڕ لە لم و تەختە و دار دادەپۆشرێن

له‌ كیێڤ په‌ریكه‌ره‌كان داده‌پۆشرێن
له‌ كیێڤ په‌ریكه‌ره‌كان داده‌پۆشرێن

K24 - هه‌ولێر:

لە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا پەیکەری بەردەم ناوەندە ھونەرییەکان و کڵێساکان، لەلایەن کاربەدەستانی سەرۆکایەتی شارەوانی و خۆبەخشانەوە بە کیسەی پڕ لە لم و تەختە و دار بەمەبەستی پارێزگارییکردن لێیان دادەپۆشرێن.

کارەکانی پارێزگارییکردن لە کارە ھونەرییەکان و پەیکەرەکان به‌هۆی ئه‌و هێرشانه‌وه‌یه‌، كه‌ سوپای رووسیا به‌رده‌وام بۆردومانی ئۆكرانیا ده‌كات، هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ لە گۆڕەپان و شەقامە سەرەکییەکانی کیێڤی پایتەخت دەستی پێکردووه‌.

ڤیتاڵی میشێکۆ کە کیسەی پڕ لە لم بۆ بەردەم پەیکەری ئاوازدانەری بەناوبانگ، میکۆڵا لیسێنکۆ کە ھاوکات یەکێکە لە دامەزرێنەرانی کولتووری ئۆپێرا لە ئۆکرانیا و دەکەوێتە بەردەم کۆشکی ئۆپێرا لە کیێڤ، دەگوازێتەوە، رایگەیاند: "ئەوەندەی بتوانین و لە دەستمان بێت، ھەوڵدەدەین شوێنەوارە مێژووییەکان لە ھێرشە ئاسمانییەکانی رووسیا بپارێزین".

میشێکۆ گوتیشی: "لەدوێنێوە لە ھەوڵداین ئەم پەیکەرە داپۆشین. من وەک خۆبەخش پشتیوانیی لە شارەوانی کیێڤ دەکەم بۆ داپۆشینی شوێنەوارە مێژووییەکان".

لای خۆیەوە کارمەندی فەرمانگەی پاراستنی کولتوور لە شارەوانی کیێڤ، ڤارتان ئازاتیان، ئاماژەی بەوە کرد، لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بانگێشتی خۆبەخشانی کیێڤیان کردووە بۆ ئەوەی لە کارەکانی پاراستنی شوێنەوارە مێژووییەکانی شارەکەدا بەشداریی بکەن و گوتی: "خۆبەخشەکان بە توانا و ئەوەی کە لە توانایاندایە ھاوکارییمان دەکەن. کیسەی پڕ لە لم و تەختەکان بە ئۆتۆمبێلەکانیان دەھێنن".

ئازاتیان، باسی لەوەش کرد، کە لە ھەوڵدان شوێنەوارە مێژووییەکان بەھایەکی نیشتمانییان ھەیە و ده‌بێت بپارێزرێن، كاتێك جەنگ دەستی پێکرد، دەرفەتیان نەبووە بۆ ئەنجامدانی ئەم کارانە، ئێستا كاره‌كه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ین.