لە سلێمانی پێشانگەیەکی فۆتۆگرافی بۆ 20 هونەرمەندی رۆژئاوای کوردستان کرایەوە
پێشانگەی فۆتۆگرافی "یەک جیهان"، بەبەشداری 20 هونەرمەندی رۆژئاوای کوردستان، لە هۆڵی کارگەی کولتووری سلێمانی کرایەوە.
پێنجشەممە، 19ی تشرینی دووەمی 2026، ئارام عەبدوڵڵا، سەرپەرشتیاری پێشانگەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەم پێشانگەیە 20 کاری فۆتۆگرافی 20 گەنجی بەهرەمەندی رۆژئاوای کوردستانی تێدا خراونەتەڕوو؛ بەرهەمەکانیش لە رێگەی زمانی وێنەوە هەوڵێکن بۆ گواستنەوەی چیرۆک، تۆمارکردنی دیمەن و رووداوە جیاوازەکان و دەربڕینی تێڕوانینی فۆتۆگرافەرە گەنجەکان بەرامبەر ژیان و دەوروبەریان."
ئاراس عەبدوڵڵا سەبارەت بە گرنگیی ناونیشانی پێشانگەکە گوتی، "ناونیشانی پێشانگەکە "یەک جیهان"، خۆی ئاماژەیەکی گرنگە بۆ ئەو بیرۆکەیەی کە هەر وێنەیەک تەنیا دیمەنێکی تۆمارکراو نییە، بەڵکو لە پشت خۆیەوە چیرۆک، بیرەوەری، هەست و پەیامێکی هەڵگرتووە. فۆتۆگرافی وەک زمانێکی هونەری، توانای ئەوەی هەیە بەبێ پێویستی بە وشە، ساتێک لە ژیان بخاتە بەردەم بینەر و وای لێ بکات لە روانگەیەکی جیاوازەوە سەیری ئەو دیمەنە بکات."
سەرپەرشتیاری پێشانگەکە باسی لەوەش کرد، "گرنگیی وێنە تەنیا لە جوانیی دیمەن و شێوازی وێنەگرتندا نییە، بەڵکو لەو مانا و پەیامەدایە لە پشت ئەو ساتەدا هەیە. فۆتۆگرافەر بە هەڵبژاردنی کات، شوێن و گۆشەی وێنەگرتن، بەشێک لە تێڕوانین و هەستی خۆی دەخاتە ناو بەرهەمەکەیەوە؛ بەمەش وێنە دەبێتە زیاتر لە تۆمارکردنی ساتێک و دەگۆڕێت بۆ بەڵگەیەکی بینراو کە دەتوانێت چیرۆکێک بگێڕێتەوە و بیرکردنەوەی بینەر بجوڵێنێت."
سەبارەت بە بەشداری هونەرمەندانی بەشداربووی پێشانگەکە، ئارام عەبدوڵڵا دەڵێت، "لە پێشانگەکەدا 20 کاری فۆتۆگرافی لەلایەن 20 گەنجەوە پێشکەش کراون، ئەمەش دەرفەتێکە بۆ ئەوەی هەر یەکێک لە بەشداربووان لە رێگەی کاری خۆیەوە تێڕوانین و شێوازی هونەری خۆی بناسێنێت. جیاوازیی ئەزموون و تێڕوانینی تاکەکان لە فۆتۆگرافیدا دەتوانێت ببێتە هۆی فرەڕەنگییەکی زیاتر لە پێشکەشکردنی دیمەن و چیرۆکەکاندا؛ چونکە هەر فۆتۆگرافەرێک بە چاوی خۆی سەیری جیهان دەکات و بە شێوازی تایبەتی خۆی هەوڵ دەدات ئەوەی بینیویەتی بگوازێتەوە."
ئارام عەبدوڵڵا باس لە گرنگیی بەڕێوەچوونی ئەو پێشانگەیە دەکات و گوتی، "ئەم پێشانگەیە گرنگیی تایبەتی هەیە لە رووی پشتیوانی و ناساندنی بەهرە گەنجەکانەوە؛ بە تایبەتی ئەو فۆتۆگرافەر و هونەرمەندانەی کە پێویستیان بە دەرفەتی زیاتر هەیە بۆ پێشکەشکردنی بەرهەمەکانیان و ناساندنی تواناکانیان بە بینەر و کۆمەڵگەی هونەری. پێشانگەکانی ئەم جۆرە تەنیا شوێنی نیشاندانی بەرهەم نین، بەڵکو دەرفەتێکن بۆ دروستکردنی پەیوەندیی نێوان بەشداربووان و بینەران، ئاڵوگۆڕی ئەزموون و فراوانکردنی تێگەیشتن لەسەر هونەری فۆتۆگرافی."
ئارام عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەش دا، "هەروەها بەشداریی گەنجانی رۆژئاوای کوردستان لە پێشانگەیەکی هونەری لە شاری سلێمانی، دەرخەری گرنگیی پەیوەندیی هونەری نێوان بەشە جیاوازەکانی کوردستانە. هونەر دەتوانێت ببێتە پردێک بۆ نزیککردنەوەی ئەزموون و تواناکان، ناساندنی بەهرەکان و دروستکردنی دەرفەتی هاوکاری لە نێوان هونەرمەندانی ناوچە جیاوازەکاندا. ئەم جۆرە چالاکییانەش رۆڵێکی گرنگیان لە بەهێزکردنی پەیوەندییە کولتوورییەکان و گەشەپێدانی ژیانی هونەری هەیە."
پێشانگەی فۆتۆگرافی "یەک جیهان"، لەلایەن رێکخراوی مێندالپارێزی کوردستانەوە، رۆژی چوارشەممە، 18ی تشرینی دووەمی 2026 کرایەوە و ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.

