ترەمپ رەتیدەکاتەوە کۆتوبەندی جیهانی بخرێتە سەر ژیریی دەستکرد

سەرۆکی ئەمریکا لە میانی بەشداریکردنی لە لووتکەی "ئەپێک" لە چین، رەتیکردەوە وڵاتەکەی پابەندی هیچ جۆرە "رێکخستنێکی جیهانی" بێت کە ببێتە رێگر لەبەردەم پەرەپێدانی ژیریی دەستکرد و جەختی کردەوە، ئەمریکییەکان داهێنەری ئەو تەکنەلۆژیایەن.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە گوتارێکدا لەبەردەم کۆبوونەوەی گشتیی سەرکردەکانی کۆڕبەندی هاریکاریی ئابووریی ئاسیا و زەریای هێمن (ئەپێک)، رایگەیاند، واشنتن هەموو شێوازێکی "رێکخستنی جیهانی" رەتدەکاتەوە کە ئامانج لێی کۆنترۆڵکردن یان پەکخستنی پەرەپێدانی مۆدێلە پێشکەوتووەکانی ژیریی دەستکرد بێت.

بەگوێرەی تۆڕی هەواڵی (ئەی بی سی نیوز)، ترەمپ جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەمریکییەکان ئەم تەکنەلۆژیایەیان داهێناوە و شایەنی رێزگرتن و پاراستنە، نەک سەپاندنی کۆتوبەند بەسەریدا.

سەرۆکی ئەمریکا ئەو زاراوە دڵخوازەی خۆی بەکارهێنا بۆ وەسفکردنی ئەم تەکنەلۆژیایە و گوتی: "ئەمە ژیریی لەرادەبەدەرە، بەڵام پێویستە چاودێریی بکەین و وریابین. نزیکەی بە تەواوی باشە، بەڵام هەندێک لایەنی نەرێنیشی تێدایە و دەبێت زۆر بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو لایەنانەدا بکەین."

پرسی ژیریی دەستکرد و ئەگەری خستنەژێر چوارچێوەی یاساییەوە، بووەتە یەکێک لە دیارترین تەوەرەکانی گۆڕەپانی نێودەوڵەتی، بەتایبەت کە ژمارەیەک لە پێشەنگانی کەرتی تەکنەلۆژیا هۆشدارییان داوە لە لێکەوتە مەترسیدارەکانی ئەگەر توێژینەوەکان بە خێراییەکی زۆر و بێ رێوشوێنی پێویست بەردەوام بن.

ترەمپ پێشتریش چەندین جار سەپاندنی هەر جۆرە رێکارێکی فەرمیی حکوومەتی بەسەر مۆدێلە پێشکەوتووەکانی ژیریی دەستکرددا رەتکردووەتەوە و دووپاتی کردووەتەوە، یاسا کارپێکراوەکانی ئێستای ئەمریکا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم تەکنەلۆژیایە و ئاڵنگارییەکانی بەسن.

لە شاری شێنجن لە باشووری چین، چالاکییەکانی لووتکەی "ئەپێک" بە بەشداریی سەرکردە و نوێنەرانی 21 وڵاتی سەر زەریای هێمن دەستیپێکردووە، بۆ تاوتوێکردنی داهاتووی بازرگانیی هەرێمی و داهێنانی تەکنەلۆژی لەنێو ئاڵنگارییە جیۆسیاسییەکاندا.

هاوکات لەگەڵ کردنەوەی کۆڕبەندەکە، چاوی جیهان لەسەر ئەو لووتکە سێقۆڵییە بێپێشینەیەیە کە شی جینپینگ، سەرۆکی چین لەگەڵ هەریەکە لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا لە پەراوێزی لووتکەی "ئەپێک" میوانداریی دەکات، بە مەبەستی گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لەسەر دیارترین ململانێ جیهانییەکان.