گازپرۆم په‌رتووكێك و فیلمێكی دیكۆمێنتاری له‌سه‌ر كورد به‌رهه‌م دێنێت

فیمله‌كه‌ قاڕه‌مانیی پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ری دژی تیرۆر پیشان ده‌دات.

K24 – هه‌ولێر

له‌ په‌راوێزی كۆڕبه‌ندی ئابووریی جیهانی له‌ سان پترسبۆرك كتێبی "كورده‌كان سوارچاكانی رۆژهه‌لات" له‌ رێوره‌سمێكدا خرایه‌ڕوو كه‌ له‌ لایه‌ن لەلایەن كۆمپانیای گازپرۆم نەفتی ڕووسییەوە ئامادە و چاپ كراوە.

به‌ پێی هه‌واڵێكی ماڵپه‌ری فه‌رمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئەم پەرتووكە باس لە مێژووی كورد و شۆڕش و سەرهەڵدانەكانی كورد لەپێناو ئازادی و سەربەخۆییدا دەكات و تیشك دەخاتە سەر تەواوی لایەنەكانی ژیانی كۆمەڵایەتی، كەلتوری، ڕۆشنبیری، ئەدەبی و هونەریی كورد و شەڕی دژی تیرۆر كە ئەمڕۆ پێشمەرگە لە هەرێمی كوردستان دژ بە تیرۆرستانی داعش ئـەنجامی دەدات.

كتێبه‌كه‌ هه‌روه‌ها باس له‌ پێشكەوتنە ئابووری و كۆمەڵایەتی و كەلتوورییەکان و ژیانی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان ده‌كات و لە بەشێكی دیكەدا بەتایبەتی تیشك خراوەتە سەر پەیوەندییەكانی نێوان كورد و روسیا هەر لە سەردەمی شێخ عەبدولسەلامی بارزانییەوە تا سەردەمی كۆماری كوردستان لە مەهاباد و مانەوەی سەرۆک مستەفا بارزانی لە سۆڤییەتی جاران تا دەگاتە پەیوەندییە ئابووری و بازرگانی و سیاسییەكانی ئەمڕۆی نێوان هەرێمی كوردستان و روسیا.

هه‌ر له‌ رێوره‌سمه‌كه‌دا كه‌ سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی ئاماده‌ ببوو، پوختەیەك سه‌باره‌ت به‌ فیلمێكی دیكۆمێنتاری پێشكەش كرا كە لەلایەن كۆمپانیای گازپرۆمەوە ئامادە كراوە و تیایدا تیشك دەخاتە سەر ئەو شەڕەی لەلایەن تیرۆرستانی داعشەوە بەسەر هەرێمی كوردستاندا سەپێندراوە. ئەم فیلمە دیكۆمێنتاریە كە بە شێوەیەكی پرۆفیشناڵ بەرهەم هێنراوە، باس لە قارەمانێتیی پێشمەرگە و ڕووبەڕووبوونەوەی جوامێرانەیان بەرامبەر بە تیرۆرستان، دەكات.

 فیلمه‌كه‌ هەروەها تیشك دەخاتە سەر سەرکەوتنە بەردەوامەكانی پێشمەرگە لە بەره‌كانی جەنگی دژی تیرۆر و ڕۆڵی پێشمەرگە لە بەرگریكردن لە گەلی كوردستان بە تەواوی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئاینزاكانییەوە دەخاتەڕوو و پێشمەرگە وەك قارەمانێك ده‌ناسێنێت كە بەرگری لە پرەنسیپەكانی ئاشتی و ئازادی و مرۆڤایەتی دەكات.

گازپرۆم په‌رتووكێك و فیلمێكی دیكۆمێنتاری له‌سه‌ر كورد به‌رهه‌م دێنێت