لەبارەی دیارکردنی یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان وەزارەتی ئەوقاف روونکردنەوە دەدات
وەزارەتی ئەوقاف چەند رێنماییەک لەبارەی مانگی رەمەزان بڵاودەکاتەوە
K24 – هەولێر
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی چەند رێنماییەکی لەبارەی مانگی رەمەزان بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت، دیارکردنی یەکەم رۆژ و کۆتا رۆژی مانگی رەمەزان تەنها لە دەسەڵاتی لیژنەی باڵای بینینی مانگە، بۆ هیچ کەسی تر نییە لەسەر ئەم بابەتە قسە بکات.
لە خاڵێکی رێنماییەکانی وەزارەتی ئەوقاف هاتووە، پابەندبوومی تەواوی ئیمساکییەی ئامادەکراوی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، پەسندکراوە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای فەتوای یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان.
وەزارەتی ئەوقاف ئاماژەی بەوەشکردووە، وەعزەکانی دوای نوێژی عەسر لە 25 خولەک زیاتر نەبێت بە بەکارهێنانی مایکرۆفۆنی ناوخۆی مزگەوت، لەم وەعزانە مامۆستای مزگەوت تەنها تیشک دەخاتە سەر بابەتەکانی روحی و ئەخلاقی و پەروەردەییەکان.
لە خاڵێکی دیکەی رێنماییەکاندا وەزارەتی ئەوقاف ئەوەی خستووەتەڕوو، جگە لە نوێژی جەژن و وتارەکانی هەینی بۆ مەراسیمەکانی تر سوود لە مایکرۆفۆنی ناوەوەی مزگەوت وەردەگیرێت.
وەزارەتی ئەوقاف بۆ رۆژوەوانان روونیکردووەتەوە، ماوەی نێوان ئیمساک و بانگدانی بەیانی لە ٥ خولەک تێپەڕ نەکات، هەروەها تەنها لە 10 شەوی کۆتاییەکانی مانگی رەمەزانی پیرۆز دەرگای مزگەوتەکان کراوە دەبن تا نوێژی بەیانی، بە سەرپەرشتی پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوت.
وەزارەتی ئەوقاف راشیگەیاندووە، تەنها پێشنوێژ و وتارخوێن بۆی هەیە مەراسیمە ئاینییەکانی مزگەوت ئەنجامبدات.
لە خاڵێکی رێنماییەکان وەزارەتی ئەوقاف ئاماژەی داوە، پێویستە هەموو چێشتخانە و گازینۆ و دوکان و بازاڕ رەچاوی حورمەتی ئەم مانگە پیرۆزە بگرن و هەستی رۆژوەوانان بریندار نەکەن.