نێچیرڤانی بارزانی ئەنستیتۆی رۆژهەڵاتناسی لە سان پترسبۆرگ بەسەر دەكاتەوە

چەندین دەستنووس و بەڵگەنامەی بەهاداری لەسەر مێژووی كورد و كوردستان تێدا هه‌ڵگیراون

K24 – هه‌ولێر

لە دووەم ڕۆژی سەردانیدا بۆ روسیا نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سەردانی ئەنستیتۆی ڕۆژهەڵاتناسی ڕووسی لە سان پترسبۆرگ ده‌كات.

به‌پێی هه‌واڵێكی ماڵپه‌ری فه‌رمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی بەشی كوردناسی بەسەر كردەوە و بەناو هەموو ئەو دەستنووس و ئەرشیفە دەوڵەمەندەدا گەڕا كە باس لە كورد و كوردستان و كوردناسی دەكەن و چەندین دەستنووس و بەڵگەنامەی بەهاداری لەسەر مێژووی كورد و كوردستان و ئەو بەرهەمانەی كە لەسەر كورد و كورستان نووسراون، تێدا هەڵگیراون.

هەروەها لە بەشەكانی دیكەی ئەنستیتۆكە، چەندین دیكۆمێنت و بەڵگەنامەی مێژووییی بەهادار و نەخشە و دەستنووسی كۆنی بەسەر كردەوە و لە نزیكەوە مێژووی دروستكردنی ئەنستیتۆكە و چۆنیەتیی كاركردن و بەرهەمەكانی لە بەڕێوەبەران و تیمی ئەنستیتۆكەوە بیست.

پاشان لە وتەیەكدا لە دەفتەری یادگارییەكانی ئەنستیتۆكەدا نووسی: بینینی بەشی كوردی و ئەو ئەرشیفە دەوڵەمەندەی كە لە بەشی كوردی ئەنستیتۆكەدا هەیە، مایەی خۆشحاڵی بوو و شتێكی گرنگە و نیشانەی پەیوەندیی قووڵی كوردستان و ڕووسیایە.