رۆژنامه‌نووسه به‌تواناكه‌ی "رۆیته‌رز" كوژراوه
له‌دوای خۆی 4 منداڵ و ژنه‌كه‌ی جێهێشتووه

K24- مینیسۆتا:
مه‌كسیم لیڤین فۆتۆگرافه‌ر و رۆژنامه‌نووس و وێنه‌گری ڤیدیۆیی كه ماوه‌ی 9 ساڵه هاوكاری ئاژانسی رۆیته‌رز ده‌كات، له گوندێكی نزیك باشووری كیێڤ-ی پایته‌ختی ئۆكرانیا، پاش دوو هه‌فته له‌بێسه‌رووشوێن بوونی، جه‌سته‌كه‌ی به كوژراوی له‌سه‌ره‌تای نیسان (ئه‌پرلی 2022)، دۆزرایه‌وه.
لیڤین وه‌ك رۆژنامه‌نووسێك له‌گه‌ڵ كاركردنی بۆ رۆیته‌رز، كاری بۆ پێگه‌ی هه‌واڵیLB.ua ئۆكرانی ده‌كرد، دوێنێ 3ی نیسان (ئه‌پرلی 2022) ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز له‌لایه‌ك و پێگه‌ی هه‌واڵیLB.ua ئۆكرانی له‌لایه‌كی دیکەوە هه‌واڵی كوژرانی ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌یان بڵاوكرده‌وه كه ته‌رمه‌كه‌ی له نزیك گوندی هۆتا مێرز هێر سكای-ی باشوری كێڤ دۆزراوه‌ته‌وه.

لیڤین ساڵی 1981 له كێڤ-ئۆكرانیا له‌دایكبووه و خاوه‌نی چه‌ندین فۆتۆ و گرته‌ی ڤیدیۆی رۆژنامه‌نووسی ناوازه‌یه كه گوزارشت له رووداوه جیاجیاكانی ناوخۆی ئۆكرانیا ده‌كات له 9 ساڵی رابردوودا، وێرای ئه‌وه‌ی له‌ماوه‌ی 4 هه‌فته‌ی رابردوودا به ده‌یان گرته‌ی ڤیدیۆیی و فۆتۆ و راپۆرتی له رێگه‌ی رۆیته‌رز-ه‌وه بڵاوكردۆته‌وه.
جگه له رۆیته‌رز هاوكاری هه‌ریه‌ك له بی بی سی و ئاژانسی ئه‌سۆشیتید پرێس و تی ئار تی كردووه وێرای ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام فۆتۆكانی له وۆڵ ستریت جۆرنال و تایم-یش بڵاوده‌كرایه‌وه.
ئه‌و ئه‌ندامی رێكخراوی رۆژنامه‌نووسانی بێسنووره، له تویتێکدا رۆژنامه‌نووسانی بێسوور جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه كه لیڤین سه‌رباز نه‌بووه و به‌رگی رۆژنامه‌نووسی له‌به‌ردابووه و ده‌بێته كوژرانی شه‌شه‌مین رۆژنامه‌نووس له جه‌نگی ئۆكرانیادا له 24ی شوبات (فێبرایه‌ری 2022) ه‌وه تا 2ی نیسان (ئه‌پرلی 2022).

رێكخراوی رۆژنامه‌نووسانی بێسوور كه باره‌گاكه‌ی له پاریس-ه ده‌ڵێت: "به ئامانجگرتن و كوشتنی رۆژنامه‌نووسان به تاوانی جه‌نگ ئه‌ژمارده‌كرێت".
لیڤین له‌دوای خۆی 4 منداڵ و ژنه‌كه‌ی جێهێشتووه، كه پاش بۆردوومانی سه‌ختی ناوچه‌كه ئه‌وان ئێستا له خۆرئاوای ئۆكرانیا له شارۆچكه‌یه‌كی نزیك لڤیڤ نیشته‌جێن.

به‌پێی راپۆرتێكی سایتی ئای ئێم ئای -ی ئۆكرانی، لیڤین بۆ كاری رۆژنامه‌نووسی له‌به‌ره‌ی جه‌نگی ناوچه‌ی فیشهۆر-ی نزیك كێڤ، بووه به‌ڵام له‌مانگی ئادار (مارسی 2022)ه‌وه بێ سه‌روو شوێنه، به‌و به‌ڵگه‌یه‌ی دوا په‌یوه‌ندی به رۆیته‌رز-ه‌وه له13ی ئادار (مارسی 2022) بووه تا رۆژی 1ی نیسان جه‌سته‌كه‌ی به كوژراوی دۆزرایه‌وه.
هه‌روه‌ها به‌هۆی ئه‌وه‌ی ناوچه‌كه له‌ژێر بۆردومانێكی سه‌ختی مووشه‌ك و رۆكێته دوورهاوێژه‌كانی رووسیادا بووه، هیچ بوار نه‌بووه بۆ هه‌واڵ زانینی و هیچ كه‌س نه‌یتوانیوه سه‌ردانی ناوچه‌كه بكات.
نووسینگه‌ی داواكاری گشتی له ئۆكرانیا له رۆیته‌رز ده‌ڵێت: "دوای پشكنینی پزیشكی ده‌ركه‌وتووه كه دوو فیشه‌كی چه‌كی سووك به‌جه‌سته‌یه‌وه‌یه‌تی و له‌لایه‌ن سه‌ربازانی رووسه‌وه پێوه‌ی نراوه، چونكه رووسیا له چه‌ند رۆژی رابردوودا كۆمه‌ڵكوژی كردووه له ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری كێڤ".
جۆن پاوڵمان سه‌رنووسه‌ری جیهانی بۆ سه‌رچاوه بینراوه‌كان-ی رۆیته‌رز له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: "به بیستنی هه‌واڵی گیانله‌ده‌ستدانی مه‌كسیم لیڤین، هه‌ستمان به خه‌مێكی قوڵ كرد كه ماوه‌یه‌كی زۆر هاوكاری رۆیته‌رزه له ئۆكرانیا"، وتیشی: "گیان له‌ده‌ستدانی لیڤین خه‌ساره‌تێكی گه‌وره‌یه بۆ جیهانی رۆژنامه‌نووسی و له‌و بڕوایه‌داین كه خێزانه‌كه‌ی به كاتێكی دژوار‌دا تێپه‌ڕده‌بێت".
كاترین سێرجاتسكۆڤ، سه‌نووسه‌ری Zaborona – Media كه براوه‌ی خه‌ڵاتی كۆت شۆرك-ه، له تویتێكدا نووسیویه‌تی: "دۆزینه‌وه‌ی ته‌رمی فۆتۆگرافه‌ری ئۆكرانی مه‌كسیم لیڤین له نزیك كێڤ سه‌لمێنه‌ری تاوانی جه‌نگی رووسیایه، لیڤین رۆژنامه‌نووسێكی بوێر و دانا و باوكی چوار منداڵه."