زیاتر له سێ ههزار كۆمپانیای بیانی له ههرێمی كوردستان كاردهكهن
195 هەزار و 695 هاووڵاتی بیانی مافی نشینگەیان وەرگرتووە
K24 - هەولێر
هەرێمی کوردستان بەهۆی ئاسایش و سهقامگیرییه بەردەوامەکەی، بووهته جێگەیەکی گرنگ بۆ وەبەرهێنەر و بازرگانە بیانییەکان، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 3 هەزار کۆمپانیای بیانی هەیە و 195 هەزار و 695 هاوڵاتی بیانیش مافی نشینگەیان وەرگرتووە.
دەرفەتی زۆر دراوە بەو کەسە بیانیانەی کە دەیانەوێت لە هەرێمی کوردستان کار و وەبەرهێنان، لە سیکتەرە جیاوازەکان بکەن، بازرگانێکی ئەمەریکیش کە 10 ساڵە کار لە هەرێمی کوردستان دەکات، پێی وایە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی زۆری خاوەنکارە بیانییەکان دەکات.
دۆری ئەبو زێد، سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمەریکا، خاوەنی هێڵی ئاسمانی مەکایەر بە کوردستان24ی راگەیاند: "سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان تێڕوانینیان هەیە بۆ داهاتوو، هەمیشە کاری نوێ دەکەن و چاکسازی ئەنجامدەدەن، هەروەها ئاسایشی هەرێمی کوردستان زۆر بە هێزە، ئەمەش هۆکارێکی سەرەکییە، بۆ ئەوەی وەبەرهێنەری بیانی روو بکەنە کوردستان".
گوتیشی: "ئێمە هەوڵدەدەین پەیوەندی باش لەنێوان خاوەنکارانی ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان دروست بکەین، حکومەتی ئەمەریکا لەوە پاڵپشتمانە کە ئێمە پاڵپشتی هەرێمی کوردستان دەکەین، دەمانەوێت وەبەرهێنەری زیاتر بهێنینە کوردستان".
ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەلای خاوەنکارە بیانییەکانەوە گرنگە بۆ وەبەر هێنان و کارکردن تێیدا. بەڕێوبەری یەکێک لە رێستۆرانتەکانی شاری هەولێریش پێی وایە، حکومەتی هەرێمی کوردستان یاساکانی بۆ هاووڵاتیان وەکوو یەکە و جیاوازی ناکات.
عەبد قساس، بەڕێوبەری یەکێک لە رێستۆرانتەکانی هەولێر دەڵێ: "هەرێمی کوردستان ئارام و سەقامگیرە بۆ کارکردن، هەروەها دەرفەتی کارکردن زۆرە، پلانەکانمان سەرکەوتوو بوون لە هەرێمی کوردستان، ئەمەش بۆ بوونی یاساکان دەگەڕێتەوە، یاسا بۆ هەمووان وەک یەکە و جیاوازی لەنێوان نەتەوە و ئایینەکان نییە".