بەغدا دەنگۆی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لەگەڵ ئێران رەتدەکاتەوە
سەرەڕای هۆشدارییەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بۆ سەپاندنی سزای قورس، وەزارەتی گواستنەوەی عێراق و دەستەی فڕۆکەوانیی مەدەنیی ئێران رەتیانکردەوە گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەردوو وڵات راگیرابن.
ئەمڕۆ دووشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند، تاوەکوو ئێستا گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان عێراق و کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوامن.
هەمان سەرچاوە گوتیشی، "پەیوەندیمان بە هەموو فڕۆکەخانەکانەوە کردووە، بۆیان دووپات کردینەوە کە گەشتە ئاسمانییەکان بەپێی ئەو خشتەیەی دانراوە بەردەوامن و، هیچ رێنماییەک بۆ راگرتنیان بۆمان نەهاتووە".
کوردستان24 زانیویەتی، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی عەلی فالح زەیدی سەرۆکوەزیران کردووە سەبارەت بە چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران و چاوەڕوانی وەڵام و هەڵوێستی فەرمیی سەرۆکوەزیران دەکات. هەمان چاوەڕوانیش بۆ فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی هەیە.
بەپێی بەدواداچوونەکانی کوردستان24، ئەگەر کۆمپانیا جیهانییەکان خزمەتگوزارییەکانیان بۆ هێڵە ئێرانییەکان رابگرن، کێشە بۆ فڕۆکەخانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش دروست دەبێت.
عێراق وەک دراوسێیەکی گرنگی ئێران، ساڵانە پێشوازی لە ملیۆنان گەشتیار و زیارەتکاری ئێرانی دەکات کە بەشێکی زۆریان لە رێگەی گەشتە ئاسمانییەکانەوە دەچنە شارەکانی نەجەف و بەغدا. ئەمەش وای کردووە کەرتی گەشتوگوزاری ئایینی ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگی داهات بۆ عێراق.
کاردانەوەی رێکخراوی بەدر
رێکخراوی بەدر لە راگەیەنراوێکدا هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی حکوومەتی عێراق و دەستەی فڕۆکەوانیی مەدەنی کرد لە جێبەجێکردنی داواکارییەکانی ئەمریکا بۆ راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لەگەڵ ئێران. لە راگەیەنراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، هەنگاوێکی لەم شێوەیە هەڵەیەکی ستراتیژی و بەزاندنێکی مەترسیداری یاساکانە.
رێکخراوی بەدر هۆکارەکانی رەتکردنەوەی بڕیارەکەی لە چەند خاڵێکدا کورت کردەوە کە بریتین لە: "پێشێلکردنی سەروەریی عێراق، بەزاندنی هێڵە سوورە ئایینییەکان لەبەر ئەوەی زۆربەی گەشتەکان زیارەتکارانی مەزارگە پیرۆزەکان دەگوازنەوە، زیانگەیاندنی راستەوخۆ بە کەرتی گەشتوگوزار و ئابووریی عێراق، هەروەها رەتکردنەوەی گەمارۆدان بۆ سەر گەلی ئێران."
دەستەی فڕۆکەوانیی ئێران
لەلای خۆیەوە دەستەی فڕۆکەوانیی مەدەنیی ئێران ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان عێراق و ئێران دەکەن. لەم بارەیەوە مەجید ئەخوان، گوتەبێژی دەستەکە بە ئاژانسی مێهری راگەیاند، ئەو دەنگۆیانە هیچ بنەمایەکی فەرمییان نییە و تاوەکوو ئێستاش هیچ راگەیەنراوێکی فەرمییان لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراقەوە دەربارەی راگرتنی گەشتەکان پێ نەگەیشتووە.
بڕیارەکەی ئەمریکا
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئاشکرای کرد، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە رۆژی 23ـی ئەیلوولەوە سەرجەم کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی ئێران لە سەرتاسەری جیهاندا لە کارکردن دەخات.
هۆشداریشی دا، نابێت هیچ فڕۆکەخانەیەک سووتەمەنی و خزمەتگوزاریی نیشتنەوە دابین بکات یان تکتی گەشت بە فڕۆکە ئێرانییەکان بفرۆشێت، چونکە هەر لایەنێک ئەو کارە بکات، دەستبەجێ لە سیستمی دارایی دۆلاری ئەمریکی بێبەش دەکرێت و سزای قورسی بەسەردا دەسەپێنرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە بەپێی زانیارییەکانی فۆکس نیوز، تورکیا و عومان بە فەرمی سەرجەم گەشتەکانی هێڵی (ماهان ئایر)ـیان راگرتووە.