سوپای بەڕازیل 50 هەزار پارچە حەبی ڤیاگرای کڕیوە
سەرۆکی بەڕازیل: حەبەکان بۆ خانەنشینانی سوپا کڕدراون
K24 - هەولێر:
کڕینی 50 هەزار پارچە حەبی ڤیاگرا لەلایەن سوپای بەڕازیلەوە کاردانەوەی زۆری لەو وڵاتە لێکەوتۆتەوە و سەرۆکی بەڕازیل دەڵێت، بابەتەکە گەورە کراوە و ئۆپۆزسیۆنیش داوای لێکۆڵینەوە دەکات.
جایر بۆلسۆنارۆ سەرۆکی بەڕازیل، لەمیانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی کەنیسەکانی ئینجیلییەکان لە کۆشکی کۆماری ئاماژەی بە پرسەکە کرد و گوتی، "لەوانەیە کۆی حەبەکان بگاتە 50 پارچە، لەگەڵ ڕێزم، ئەوە هیچ ناگەیەنێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، "ڕوونە ئەوە بەشی زۆری بۆ خانەنشینان و ئەو سەربازانە تەرخانکراوە کە خزمەتیان تەواو بووە".
ئەوەش دوای ئەوە دێت، دوو ڕۆژ لەمەوبەر پەرلەمانتارێکی ئۆپۆزسیۆن ئاشکرایکرد، سوپای بەڕازیل بڕێکی زۆر لە حەبی سێڵدینافیڵی کڕیوە، کە ناوە بازرگانییەکەی ڤیاگرایە و بۆ چارەسەری لاوازی سێکسی بەکاردێت.
وەزارەتی بەرگری لە روونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاندووە، ئەو حەبانە لەلایەن سوپاوە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و ڕۆماتیزم بەکاردەهێنرێت.
سەرۆک بۆلسۆنارۆ کە پێشتر لە سوپادا نەقیب بووە وەڵامی پرسێکی دیکەی نەدایەوە کە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وروژاندوویانە کە ئاماژە بەوە دەکەن، سوپا 60 ئامێری کڕیوە تاوەکو بۆ ئەو کەسانەی کێشەی ڕەپبوونیان هەیە بە نەشتەرگەری بۆیان بچێنرێت.
لەبەرامبەردا هێرشی کردە سەر دەزگا میدیاییەکان و گوتی،" میدیاکان بەشێوەیەکی خراپ مامەڵە دەکەن و هەموو ڕۆژێک لێیانەوە گوێبیستی سوکایەتیکردن دەبین".