بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان: بۆچوونی مه‌سرور بارزانی له‌باره‌ی پێویستی دابه‌شكردنی عێراق به ئیستیفزازی ده‌زانێت و داوای یه‌كپارچه‌یی عێراق ده‌كات
كاردانه‌وه‌یه له‌بارامبه‌ر لێدوانه‌كه‌ی ڕاوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان بۆ ڕۆیته‌رز

K24 – هه‌ولێر:
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ چوونه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی ڕاوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی دابه‌شكردنی عێراق به ئیستفزازی ناوده‌بات و كاركردن بۆ یه‌كپارچه‌یی عێراق به پێویست ده‌زانێت.
"سروه عه‌بدولواحید" ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌سه‌ر لیستی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان،له لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانیدا بانگه‌شه‌كانی دابه‌شكردنی عێراق ڕه‌تده‌كاته‌وه و بۆچوونه‌كانی ڕاوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌وباره‌یه‌وه به ئیستیفزازی ناوده‌بات.
ئه‌و نوێنه‌ره‌ی سه‌ر به بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كه له ماڵپه‌ڕی كه‌ناڵی (افاق) ی عێراقی قسه‌كانی بڵاوبووه‌ته‌وه،ئه‌و بۆچونانه‌ی بانگه‌شه بۆ دابه‌شكردنی عێراق ده‌كه‌ن له‌ڕوانگه‌ی تائیفی و نه‌ته‌وه‌ییه ڕه‌تده‌كاته‌وه و داوا ده‌كات كار بكرێت بۆ یه‌كپارچه‌یی وڵات و پێكهێنان و
دامه‌زراندنی له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی ته‌ندروست و دوور له گه‌نده‌ڵی و گه‌ڕانه‌وه‌ی دیكتاتۆرییه‌ت.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه كردووه كه هه‌رێمی كوردستان به‌شێكه له عێراق و له‌سه‌ر هه‌مووان پێویسته هاوكاری بكه‌ن بۆ چاره‌سه‌ركردنی سه‌رجه‌م كێشه‌كان و به‌رپرسیارییه‌تی وڵات له ئه‌ستۆ بگرن كه ئێستا ڕووبه‌ڕووی مه‌ترسی تیرۆری داعش بووه‌ته‌وه.
ئه‌م قسانه‌ی ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، له‌پاش ئه‌و دیداره‌ی مه‌سرور بارزانی ڕاوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان دێت، كه له‌گه‌ڵ ئاژانسی ڕۆیته‌رز ئه‌نجامیدابوو، له‌و دیداره‌دا ئاماژه‌ی به‌وه كردبوو" پاش شكست پێهێنانی داعش، پێویسته عێراق بۆ سێ كیانی جیاوازی شیعه و سونه و كورد دابه‌ش بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی پێش به خوێن ڕشتنی زیاتر بگیرێت.