لە کەرکووک پێنج چەکداری داعش دەستگیرکران
هەڵمەتێکی کێوماڵکردن بۆ پاشماوەکانی داعش دەستپێکردووە
K24 – هەولێر
دەستگیرکردنی پێنج چەکداری داعش لە کەرکووک راگەیەندرا و هەڵمەتێکی کێوماڵکردن بۆ پاشماوەکانی داعش لە سنووری پارێزگاکە بەڕێوەدەچێت.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق لە راگەیەندراوێکدا دەستگیرکردنی پێنج چەکداری رێکخراوی داعشی لە چەند شوێن و ناوچەیەکی شاری کەرکووک راگەیاند، کە لە چەکدارە هەڵاتووەکانی پشتیوانی لۆجستی دیوانی جوندی سەر بە رێکخراوەکە بوون.
هەروەها پۆلیسی فیدراڵی عێراق رایگەیاندووە، لە دۆڵی معێزیلەی باشووری کەرکووک حەشارگەیەکی چەکدارانی داعشیان بە تەواوی تێکداوە، کە چەند پارچەیەک چەک و تەقەمەنی و کەلوپەلی دیکە چەکدارانی تێدابووە.
لە هەفتەی رابردووەوە هێزە عێراقییەکان لە ناوچەکانی باشووری کەرکووک لە ئۆپەراسیۆنی "چەکوشی ئاسنی" هەڵمەتێکی کێوماڵکردنیان دەستپێکردووە بۆ لە نێوبردنی حەشارگەکانی چەکدارانی رێکخراوی داعش.