پەیامی سەرۆک بارزانی لە یادی 48 ساڵەی بۆردومانکردنی قەڵادزێ
"دانیشتووانی ئەو شارە دەریانخست ئیرادەی گەلی کوردستان بەهێزترە لە مووشەکی ناپاڵمی دوژمن"
K24 - هەولێر:
ئەمڕۆ 48 ساڵ بەسەر بۆردومانکردنی شارۆچکەی قەڵادزێ تێدەپەڕێت و لەو یادەدا، سەرۆک مەسعود بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دانیشتووانی ئەو شارە دەریانخست بەڕاستی ئیرادەی گەلی کوردستان بەهێزترە لە مووشەکی ناپاڵمی دوژمن و سیاسەتەکانی پاكتاوكردن.
دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی:
"له یادی 48 ساڵهی بۆردومانی قهڵادزێ، لهلایهن رژێمی پێشووی عێراقهوه، دهمهوێت سڵاوی تایبهت بگهیهنمه دانیشتووانی ئهو شاره، كه دەریانخست بەڕاستی ئیرادەی گەلی کوردستان بەهێزترە لە مووشەکی ناپاڵمی دوژمن و سیاسەتەکانی پاكتاوكردن."
(48) ساڵ پێش ئەمڕۆ، کاتژمێر 9:45 خولەکی بەرەبەیان، چوار فڕۆکەی شەڕکەری عێراق (16) بۆمبیان له ئاسمانی قەڵادزێدا باراند، لەو بۆردومانەدا (163) کەس شەهید و (300) کەسی دیكه بریندار بوون.
لەو بۆردومانە کە دوای بۆردومانی هێرۆشیما و ناکازاکی لە جەنگی دووهمی جیهانی، یەکەم جار بوو بۆمبی کۆمەڵکوژ و قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی بەکاربهێنرێت، دەیان کەس شەهید و سەدانی دیكه برینداربوون کە زۆرینەیان مامۆستای زانکۆ و قوتابی و هاووڵاتی مەدەنی بوون.