کیم زەنگی ئاگاداری بۆ سوپای وڵاتەکەی لێدا
کیم جۆنگ ئون: تواناکانتان بەرز بکەنەوەو لە ئامادەباشیدابن بۆ لەناوبردنی دوژمن

K24 - هەولێر
سەرۆکی کۆریای باکوور داوا لە سوپای وڵاتەکەی دەکات، لە هەموو کاتێک زیاتر لە حاڵەتی ئامادەباشیدابن، لەگەڵ ئامادەکارییەکان بۆ تاقیکردنەوەی چەکی ناوکی.
میدیای فەرمی کۆریای باکوور بڵاویکردەوە، کیم جۆنگ ئون سەرۆکی وڵاتەکەیان داوای لە سوپای وڵاتەکەی کردووە، لەگەڵ بەرزکردنەوەی توانا سەربازییەکانیان، لە حاڵەتی ئامادەباشیدابن، بۆ لەناوبردنی دوژمن.
هاوکات بەگوێرەی چەند وێنەیەکی مانگە دەستکردەکان، دەریدەخات کۆریای باکوور ئامادەکاری دەکات، بۆ تاقیکردنەوەی چەکی ناوکی نوێ.
ئەوە لەکاتێکدایە رۆژی دووشەممەی رابردوو لە یادی 90 ساڵەی دامەزراندنی سوپای وڵاتەکەیان، کۆریای باکوور نمایشیکی سەربازی وەک هەموو ساڵێک بەڕێوەبرد، نمایشەکە ژمارەیەک لە نوێترین مووشەکەکانی لەخۆ گرتبوو کە گەورەترین مووشەکی بالیستی کیشوەربڕی بەناوی، (هێواسۆنگ-17) تێدا نمایشکرا، بەم دواییانە تاقیکردنەوەی لەسەر کرا.