پێنج ملیۆن منداڵی عێراقی بێ دایک و باوکن

"ئەگەر شوێنێک بۆ داڵدەدان و پەروەردە کردنیان نەکرێتەوە، چارەنووسێکی مەترسیدار چاوەڕێیان دەکات"

ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - هەولێر

ئەنەس عەزاوی، ئەندامی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق ئاشکرای کرد، زیاتر لە پێنج ملیۆن منداڵی بێ دایک و باوک لەعێراق هەن، لە هەندێک ناوچە رێژەکە %50ی تێپەڕاندووە، ئەمەش جێگەی نیگەرانییە.

عەزاوی دەڵێ "ئەگەر شوێنێک بۆ داڵدەدان و پەروەردە کردنی ئەو توێژە نەکرێتەوە، ئەوا چارەنووسێکی مەترسیدار چاوەڕێیان دەکات، بە تایبەت لەلایەنی بازرگانیکردنی بە مرۆڤ و ماددە هۆشبەرەکانەوە".

هەروەها دەربارەی رێژەی هەژاریی لە عێراق گوتی "ئەو ئامارەی هەیە و گوایە رێژەکە %31ی تێپەڕاندووە، راست نییە، چونکە بەشێک لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق هەژاری رێژەی 50%یشی تێپەراندووە، بە تایبەت لە پارێزگاکانی موسەننا، دیوانییە، ناسرییە و میسان و چەند پارێزگایەکی دیکە".

ئەندامەکەی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی تەلەڤزیۆنی (العين الإخبارية)ی رەخنە لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق دەگرێت، بەوەی خاوەنی ئامارێکی راست و دروستی رێژەی هەژاریی و منداڵانی بێ دایک و باوک نییە.

ئەنەس عەزاوی ئاماژەی بەوەشکردووە "وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق هیچ رووپێوکارییەکی نییە، بۆ دەست نیشانکردنی ئەو چین و توێژەی کۆمەڵگە".

Fly Erbil Advertisment