ئومێد خۆشناو: ئامادەکاریی تەواو بۆ رێگری لە دروستبوونی لافاو کراوە
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند: بەهۆی جێبەجێکردنی زنجیرەیەک پڕۆژەی ستراتیژی لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا، مەترسییەکانی لافاو لە شارەکە بە رێژەیەکی بەرچاو کەمبوونەتەوە؛ هاوکات ئاشکرای کرد کە لە مانگی داهاتوودا پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی دەستپێدەکات و سەرەتا ناوچە شاخاوییەکان دەگرێتەوە.
چوارشەممە، 28ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر دەرئەنجامی ئەو کۆبوونەوە فراوانەی کە ئەمڕۆ لە دیوانی پارێزگا بەڕێوەچوو بۆ تاوتوێکردنی ئامادەکارییەکانی پێشوازی لە وەرزی زستان، رێگریکردن لە مەترسییەکانی لافاو، هەرورەها بابەتی سووتەمەنی.
پارێزگاری هەولێر گوتی: لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا بە فەرمان و رەزامەندیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆمەڵێک پڕۆژەی ستراتیژی ئەنجام دراون کە بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی توانای سەنتەری شار و دەوروبەری بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاوی باراناو، لەوانەش: دروستکردنی بەنداو و پۆندەکان، دروستکردنەوەی کەندە سروشتییەکان، لەگەڵ جێبەجێکردنی دەیان پڕۆژەی ئاوەڕۆی سندووقی و لوولەیی.
خۆشناو گوتی: پێشتر ئەگەر لە ماوەی کاتژمێرێکدا سەرووی 10 ملیمەتر باران بباریایە، لافاو دروست دەبوو؛ بەڵام ساڵی رابردوو لە ماوەی یەک کاتژمێردا نزیکەی 30 ملیمەتر باران باری، تەنیا لە چەند شوێنێک بۆ چەند خولەکێک ئاستەنگی هاتوچۆ دروست بوو بێ ئەوەی لافاو دروست بێت.
سەبارەت بە خاڵە مەترسیدارەکان، پارێزگار روونی کردەوە، لێکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا گەرەنتیی 100% نادەن، بەڵام مەترسییەکان زۆر کەمکراونەتەوە؛ ئێستا لە سەنتەری شاری هەولێر تەنیا سێ خاڵی لاواز ماونەتەوە کە پڕۆژەکانیان پەسەند کراوە، بەڵام بەهۆی دۆخی دارایییەوە جێبەجێکردنیان دواکەوتووە.
هەروەها ئاماژەی بە سەرکەوتنی پڕۆژەی گەڕەکی تەیراوە کرد لە کەمکردنەوەی مەترسیی دروستبوونی لافاو. هەروەها داوای لە هاووڵاتییان و کاسبکارانی بازاڕی میللی تەیراوە کرد پاشماوە فڕێنەدەنە نێو مەنهۆڵەکان تا ئاوەڕۆکان دانەخرێن.
جەختی لەوە کردەوە، ئەمساڵ ئامادەکاریی تەواو بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی لافاو کراوە؛ گوتیشی: ئینشائەڵڵا ئەمساڵ رێژەی بارانبارین باش دەبێت، هەروەها پارساڵ هەموو پێشبینییەکانی کەشناسی لە بارەی بارانبارین زۆر ورد و تەواو بوون، زۆر هاوکار بوو بۆ ئەوەی بزانین کەی باران دەبارێت.
پشکی نەوتی سپی و داواکاری لە بەغدا
دەربارەی دابینکردنی نەوتی سپی بۆ هاووڵاتییان، ئومێد خۆشناو رەخنەی لە حکوومەتی فیدراڵ گرت و گوتی: بە داخەوە لە ساڵانی رابردوودا حکوومەتی عێراق هاوکار نەبووە؛ هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە نزیکەی 280 ملیۆن لیتر نەوت هەیە، بەڵام بەغدا ساڵی رابردوو تەنیا 50 ملیۆن لیتری نارد و بڕەکەی دیکە لە لایەن حکوومەتی هەرێمەوە دابین کرا.
خۆشناو باسی لەوە کرد، لە کۆبوونەوەی نێوان شاندی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق، بەڵێن دراوە پشکی هەرێم بنێردرێت، هەروەها لە مانگی 11ـەوە دەست بە دابەشکردنی نەوتی سپی دەکەین و سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەستپێدەکەین. هەروەها داوای کرد بەغدا تایبەتمەندیی کەشوهەوای ساردی ناوچە شاخاوییەکانی هەرێم لەبەرچاو بگرێت و هاوشێوەی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور مامەڵەی لەگەڵدا نەکات.
بەڕێوەبردنی قەیرانی بەنزین و کارتی زیرەک
لە تەوەرێکی دیکەدا، پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بە دۆخی بەنزین کرد و رایگەیاند: پشکی رۆژانەی بەنزینی هەولێر بەر فەرمانی سەرۆکوەزیران لە 20 تانکەرەوە بۆ 40 تانکەر (دوو هێندە) بەرزکراوەتەوە؛ بەڵام بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆ، سەرووی 54%ـی ئۆتۆمبێلەکانی هەرێمی کوردستان لە هەولێرن، بۆیە پێویستییان بە بەشەبەنزینی زیاترە.
ئومێد خۆشناو جەختی کردەوە، کە دابەشکردنی بەنزین بە نرخی پاڵپشتیکراو، رێگریی لە دوو هێندە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینی بازرگانی کردووە، هەروەها بەکارهێنانی کارتی ئەلیکترۆنی لە بەنزینخانەکاندا رۆڵێکی بەرچاوی لە کەمکردنەوەی قەرەباڵخی و سەرەی بەنزین و دابینکردنی دادپەروەریدا هەبووە.