چەکدارانی داعش لە فەلوجە هێرشیان کرد
خۆڵبارین هێزەکانی عێراق دەخاتە ئامادەباشییەوە

K24 - هەولێر
چەکدارانی داعش لە فەلوجە هێرشیان کرد و خۆڵبارینیش هێزە عێراقییەکان دەخاتە ئامادەباشییەوە.
درەنگانی شەوی رابردوو چەکدارانی داعش لە شارەدێی سەجەر-ی سەر بە شارۆچکەی فەلوجەی رۆژئاوای ئەنبار، هێرشیان کردە سەر چەکدارانی حەشدی شەعبی.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی حەشد، داعش دۆخی کەشوهەواو و خۆڵبارینی قۆزتووەتەوە و هێرشیکردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی شارەدێی سەجەر، بەڵام شکستیان بە هێرشەکە هێناوە.
دوای ئەو هێرشەی چەکدارانی داعش، تەواوی هێزە عێراقییەکان لە سنووری هەردوو پارێزگای ئەنبار و نەینەوا خرانە حاڵەتی ئامادەباشی، بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێکی چەکدارانی داعش لە سنوورەکانیان، کە رەنگە خۆڵبارین بکەنە دەرفەت بۆ هێرش و پەلاماردان.
هێرشەکەی داعش هاوکات بوو لەگەڵ ئەو شەپۆلە چڕەی خۆڵباران، کە شەوی رابردوو سنووری پارێزگای ئەنبار و چەند ناوچەیەکی دیکەی عێراقی گرتەوە.