ئه‌و كه‌سه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی له كچێك كرد و بووه هۆی خۆكوشتنی كچه‌كه ده‌ستگیركرا

K24 – هه‌ولێر:
پۆلیسی هه‌ولێر، رایگه‌یاند، ئه‌و كه‌سه‌یان ده‌ستگیركردووه، كه له رێی مۆبایله‌وه هه‌ڕه‌شه‌ی له كچه قوتابییه‌كی په‌یمانگه‌ی تهكنیككارگێڕی هه‌ولێر كرد و به‌و هۆیه‌وه كچه‌كه خۆی له‌سه‌ر شوێنێكی به‌رز فڕێ دا و گیانی له‌ده‌ستدا.
ئاریان محه‌مه‌د خه‌لیل، قوتابی به‌شی كتێبخانه و زانیاریی پۆلۆته‌كنیكی هه‌ولێر بوو، دوای دوو رۆژ له ونبوونی ته‌رمه‌كه‌ی له هه‌یكه‌لی ته‌واونه‌كراوی بینایه‌كدا دۆزرایه‌وه.
رۆژی (19ی نیسان/ ئه‌پریڵی 2022)، محه‌مه‌د خه‌لیل، باوكی ئاریان پۆلیسی له دیارنه‌بوونی كچه‌كه‌ی ئاگادار كردبوویه‌وه، دواتر رۆژی (21ی نیسان/ ئه‌پریڵی 2022) ته‌رمی ئاریان له هه‌یكه‌لێكی ته‌واو نه‌كراو دۆزرایه‌وه و راگه‌یه‌ندرا، حاڵه‌ته‌كه‌ی خۆكوشتن بووه.
هۆگر عه‌زیز، وته‌بێژی پۆلیسی هه‌ولێر، ئه‌مڕۆ له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا، ئاشكرایكرد، كه هۆكاری سه‌ره‌كی خۆكوشتنی ئاریان كوڕێكی دانیشتووی رانیه بووه.
.jpg)
هۆگر عه‌زیز وتیشی: تیمه‌كانی پۆلیس توانیان زانیاری ورد له‌باره‌ی ئه‌و تۆمه‌تباره كۆبكه‌نه‌وه و به هاوكاری پۆلیسی راپه‌ڕین توانرا شوێنی ده‌ستنیشان بكرێت و تۆمه‌تباره‌كه ده‌ستگیر بكرێت.
وته‌بێژی پۆلیس ئاشكراشیكرد، له مۆبایلی تۆمه‌تباره‌كه‌دا ژماره‌یه‌ك وێنه‌ی ئاسایی ئاریان هه‌بوونه و ئه‌و تۆمه‌تباره دانی به‌وه‌دا ناوه كه هه‌ڕه‌شه‌ی به‌رده‌وامی له ئاریان كردووه و به‌و هۆیه‌وه كچه‌كه تووشی حاڵه‌تێكی ده‌روونی خراپ بووه و په‌نای بۆ خۆكوشتن بردووه.
پۆلیسی هه‌ولێر ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، له مۆبایلی تۆمه‌تباره‌كه‌دا چه‌ندین به‌ڵگه‌ی دیكه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كردن له ژنان و وێنه و گرته‌ی ئافره‌تان هه‌بووه و تۆمه‌تباره‌كه به مه‌به‌ستی گێچه‌ڵی سێكسی به ژنان به‌كاری هێناون.
وته‌بێژه‌كه‌ی پۆلیسی هه‌ولێر، داوایشی له ژنان كرد، له حاڵه‌تی بوونی هه‌ر هه‌وڵێكی گێچه‌ڵكردنی ئه‌لیكترۆنی په‌نا به‌رنه به‌ر بنكه‌كانی پۆلیس و سكاڵا تۆمار بكه‌ن بۆ دۆزینه‌وه و به دادگا گه‌یاندنی تۆمه‌تباره‌كان و رێگه‌ی خۆكوژی نه‌گرنه به‌ر.