سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ باڵيۆزى به‌ريتانيا كۆبووه‌وه‌‏

هه‌ردوولا نيگه‌رانييان له‌ دۆخى شه‌نگال و پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ ده‌ربڕى

نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان و مارك برايسۆن باڵيۆزى به‌ريتانيا له‌ عێراق
نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان و مارك برايسۆن باڵيۆزى به‌ريتانيا له‌ عێراق

K24 - هەولێر:

به‌يانيى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 25ـی ئایاری 2022، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان، پێشوازى له‌ مارك برايسۆن باڵيۆزى به‌ريتانيا له‌ عێراق و ‏شاندێكى سياسى و سه‌ربازيى ياوه‌رى كرد.‏

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى به‌ريتانيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى ‏كوردستان، دوايين پێشهاته‌كانى پرۆسه‌ى سياسيى عێراق، دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى ‏كوردستان، شه‌ڕى دژى تيرۆر و جموجۆڵه‌كانى داعش به‌تايبه‌تى له‌ ناوچه‌كانى ‏ماده‌ى 140، گۆڕانى كه‌شوهه‌وا و كاريگه‌رييه‌كانى له‌سه‌ر عێراق و هه‌رێمى ‏كوردستان و ناوچه‌كه‌، تاوتوێ كران.‏

هه‌ردوولا جه‌ختيان له گرنگيى هه‌بوونى تێڕوانين و لێكگه‌يشتنى هاوبه‌شى لايه‌نه ‏عێراقييه‌‌كان بۆ چاره‌سه‌رى كرده‌وه‌ و هاوڕا بوون له‌وه‌ى ئه‌گه‌ر بڕيار و ئيراده‌ى ‏سياسى هه‌بێت، ده‌رفه‌ت هه‌يه‌ لايه‌نه‌كان بگه‌نه‌ چاره‌سه‌رێكى كۆكه‌ره‌وه كه‌ ‏چه‌قبه‌ستوويى و بنبه‌ستى سياسى تێپه‌ڕێنێت.‏

هه‌ردوولا نيگه‌رانييان له‌ دۆخى شه‌نگال و پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ ده‌ربڕى كه‌ بوونه‌ ‏هۆى دووباره‌ ئاواره‌بوونه‌وه‌ى خه‌ڵكى ئێزدى و جه‌ختيان له‌ گرنگيى پێكه‌وه‌كاركردنى ‏حكوومه‌تى فيدرالى عێراق و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ گێڕانه‌وه‌ى ئارامى بۆ ‏ناوچه‌كه‌ كرده‌وه‌. ‏

سه‌ردانى نێچيرڤان بارزانى بۆ سلێمانى و كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ ‏سياسييه‌كان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، په‌يوه‌ندييه‌كانى عيراق له‌گه‌ڵ ‏ده‌وروبه‌ر و چه‌ند پرسێكى جێی بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.‏

نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان و مارك برايسۆن باڵيۆزى به‌ريتانيا له‌ عێراق
نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان و مارك برايسۆن باڵيۆزى به‌ريتانيا له‌ عێراق ‏لەگەڵ شاندێكى سياسى و سه‌ربازيى ياوه‌رى