8 ساڵ بە سەر کەوتنی مووسڵ تێدەپەڕێت

تا ئێستا هیچ بەرپرس و لایەنێک رووبەڕووی یاسا نەکراوەتەوە
داگیرکردنی مووسڵ لەلایەن چەکدارانی داعش - 10/6/2014
داگیرکردنی مووسڵ لەلایەن چەکدارانی داعش - 10/6/2014

K24 - هەولێر

هەشت ساڵ بە سەر کەوتنی مووسڵ تێدەپەڕێت، سەرەڕای ئەوەی چەندین لیژنەی لێکۆڵینەوە لە راستی رووداوەکان پێکهێنران و راپۆرتیان دەربارەی هۆکارەکان و لایەنە  کەمتەرخەمەکانی کەوتنی شارەکە ئامادەکرد، بەڵام تاوەکوو ئێستا هیچ بەرپرس و لایەنێک رووبەڕووی یاسا نەکراوەتەوە، جیا لەمەش هێشتا 30%ی دانیشتووانی شارەکە لە ئاوارەیی بەسەر دەبەن و بەهۆکاری ئەمنی و نەبوونی خزمەتگوازیی نەگەڕانەوتەوە زێدی خۆیان.

له‌ 10ی حوزه‌یرانی 2014، بەبێ هیچ بەربەست و رووبەڕوو بوونەوەیەکی ئەوتۆ 500 چەکداری داعش لە رۆژئاوای مووسڵ هێرشیانکردە سەر شارەکە و تەواوی مووسڵیان داگیرکرد، لە کاتێکدا سێ فیرقەی سوپا و پۆلیسی عێراق، کە بە نزیکەی 100 هەزار چەکداری مەشق پێکراو مەزندە دەکران و بە تازەترین جۆری چەکی پێشکەوتووی ئەمەریکی پڕ چەک کرابوون، خۆیان نەگرت و شارەکەیان بە دانیشتووانەوە رادەستی رێکخراوی داعش و چارەنووسێکی نادیارکرد.

بەگوێرەی راپۆرتێکی ئەو کاتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ئەوەی لە مووسڵ روویدا رووخانی تەواوی ئەمنی عێراق بوو.

دەربارەی هۆکارەکانی کەوتنی مووسڵ چەند راپۆرتێکی فەرمی عێراقی هەن، لەوانە عەدنان ئەسەدی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە راپۆرتێکدا پێنج خاڵی وەک هۆکاری سەرەکی کەوتنی مووسڵ ئاماژە پێداوە، لەوانە ناکۆکیی سیاسی، ململانێی تائیفیی، نەبوونی متمانەی دانیشتوانی شارەکە بە هێزەکانی عێراق، ململانێی سوپا و پۆلیس، وێناکردنێکی خراپی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەلایەن میدیای عەرەبی ناوچەکە.

کەوتنی مووسڵ و شکستی سوپای عێراق، هێزی بە چەکدارانی داعشدا تاوەکوو پەل بۆ ناوچەکانی دەوروبەر و شارەکانی دیکە بهاوێت، بەهۆیەوە سێ ملیۆن و 100 هەزار کەس ئاوارە بوون و زۆرینەشیان روویان لە هەرێمی کوردستان کرد.

بەهۆی کەوتنی مووسڵ و شەڕی ئازادکردنەوەی شارەکە لە دەستی داعش، بەگوێرەی ئامارێکی نافەرمی سێ هەزار و 176 کەسی مەدەنی کوژراون، کە زۆربەیان پیاو و منداڵن، هەروەها %80 شارەکەش بەهۆی شەڕەوە وێران بووە، لەنێویاندا شوێنەوارە مێژوویی، ئاینی ئیسلام و کریستیانەکان و باڵەخانەی دامەزراوە فەرمییەکان و 55 هەزار خانووی هاووڵاتی هەیە.

داگیرکردنی مووسڵ لەلایەن چەکدارانی داعش - 10/6/2014
داگیرکردنی مووسڵ لەلایەن چەکدارانی داعش - 10/6/2014